گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’چەندین دۆسیە سوتاون’’

سەرۆکى شارەوانی هەڵەبجە باس لە زیانەکانی شەوی ڕابردووی بیناکەیان دەکات کە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سوتێنرا

2020.08.23 - 08:55
App store icon Play store icon Play store icon
سەرۆکى شارەوانی هەڵەبجە باس لە زیانەکانی شەوی ڕابردووی بیناکەیان دەکات کە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سوتێنرا

ناس کورد-

سەرۆکی شارەوانیی ھەڵەبجە باس لە زیانەکانی خۆپیشاندانەکەى شەوی ڕابردووی هەڵەبجە دەکات و دەڵێت، کاتژمێر 10:30 خۆپیشاندەران ڕووبەڕووی دامودەزگا حکومی و حیزبییەکان بوونەوە یەکێک لەوانە بینایەی شارەوانی، بینای قائیمقامییەت و بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی ھەڵەبجە بوو.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ی ئابی 2020، کوێستان ئەکرەم، سەرۆکى شارەوانی هەڵەبجە بە ئەنادۆڵوی ڕاگەیاند، بەشی ھونەری و گەنجینەی شارەوانی هەڵەبجە بە تەواوی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سوتێندراوە.

ئەوەشی خستەڕوو کە دوای ڕووداوەکە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنەکە و ھەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیان داوە.

ڕاشیگەیاند کە ڕۆژانە 150 بۆ 200 ھاوڵاتی سەردانی شارەوانی دەکەن بۆ بەڕێکردنی مامەڵەکانیان، بەڵام لە ئێستادا زۆربەی پەڕاوی مامەڵەکان و شەش کۆمپیوتەری بەشی ھونەری سوتاون و زیانێکی زۆریش بە بینایەی شارەوانی گەیەندراوە.

 

درەنگانێکی شەوی ڕابردوو بەشێک لە گەنجان و هاوڵاتیانی هەڵەبجە دژی نەبوونی خزمەتگوزاری و دواکەوتنی موچە و چەند قەیرانێکی تر ڕژانەسەر شەقامەکان و چەند بینایەکی حزبی و حکومییان سوتاند، هاوکات هەوڵیان دا بچنە سەر لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام تەقەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران کرا.

 

بە وتەى تەندروستیی هەڵەبجە، لە خۆپیشاندانەکەدا شەش کەس برینداربوون کە سیانیان بە گولـلە بووە، هەروەها بەکێک لە بریندارەکان پۆلیسێکی هاتوچۆیە.

کوێستان ئەکرەم گوتیشی: "زۆربەی مامەڵەی ھاووڵاتیان سوتێنراون، بەداخەوە خەڵک دەڵێن ئەمە دەستێکی لە پشتەوەیە، بە دڵنیایەوە بە دەستێک ھاتوون ئەم بینایەیان سوتاندووە، بەڵام ئەوان باسی دەستی دەسەڵاتداران یاخود حکوومی دەکەن، ئێمە لەبەر ئەوەی بەشێک لەو دۆسیانەی کە بە ھارد ھەمانە، بۆیە پارێزراون پێموانییە ھیچ کەسێک لەمە سوودمەند بێت، چونکە ھەر دۆسیەی مامەڵەی ھاووڵاتیانە، ھیچ دەسەڵاتدارێک پێویستی بەو دۆسیانە نییە. ئێمە ھیچ دۆسییەکی بەرپرسی حکوومەتمان لەلانییە. بەڵکو زۆربەی ئەوەلیاتی ھاووڵاتیان لە بەشی گەنجیەنەی شارەوانی سوتاون".