گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە ئۆفیسی سلێمانیی کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان 47 کەس بە خزمایەتی دامەزراون [تایبەت]

2019.04.23 - 21:38
لە ئۆفیسی سلێمانیی کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان 47 کەس بە خزمایەتی دامەزراون [تایبەت]

ناس کورد-

بەپێی ئەو بەڵگەنامانەى دەستى ناس کورد کەوتووە، لە ئۆفیسی سلێمانیی کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق، لەکۆی 213 کارمەندی دامەزراو، نزیکەى 47 کارمەندیان بەهۆى ئەوەى کەسی نزیکی کارمەندەکانى ئۆفیسەکە بوون و لە دەرەوەى ڕێنماییەکان دامەزراون.

بەهۆى ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنى پارێزگاکان و ئەنجامدانى بایۆمەتری پارێزگاکانى عێراق و هەرێمی کوردستان، کۆمسیۆنى هەڵبژاردانەکانى عێراق بڕیاری دا بە دامەزراندنی 213 کارمەند بە شێوەى گرێبەست بۆ ئۆفیسی سەرەکیی سلێمانی و لقەکانى تری پارێزگاکە.

بەپێی نوسراوی کۆمسیۆن لە بەرواری 4ی ئازاری 2019، بەپێی چەند مەرجێک کارمەند دادەمەزرێت کە بریتین لە ساڵی خزمەت، جۆری بڕوانامە، شارەزایی لە کاری بایۆمەتری و کۆمپیوتەر و شوێنی نیشتەجێبوون، لیژنەیەک لە کارمەندانی ئۆفیسی سەرەکی کۆمسیۆن لە سلێمانی سەرپەرشتی پڕۆسەکەی کردووە.

.

بەپێی ئەو بەڵگانەى کە ناس کورد لە چەند سەرچاوەیەکی ناو ئۆفیسەکانى کۆمسیۆنەوە دەستیکەوتووە، کۆمەڵێک کارمەند دامەزراون کە هیچ ئەزمونێکى کارکردنیان نییە و خاوەنی بڕوانامەى نزمترن و هەندێکیان هیچ جۆرە شارەزاییەکى کۆمپیوتەر و بایۆمەترییان نییە، بەڵام بەهۆی ئەوەى برا یان خوشک یان هاوسەری یان کەسێکى نزیکی کارمەندانی ئۆفیسی گشتیی سلێمانیی کۆمسیۆنن دامەزراون، هەندێک لەوانە نیشتەجێی ناو شاری سلێمانین بەڵام لە ناوەندەکانى دەرەوەى شار دانراون کە ئەوەش پێچەوانەى ڕێنماییەکانى کۆمسیۆنە.

بە پێچەوانەوە، هەندێک لە کارمەندەکان لادراون کە خاوەنی چەند ساڵ ئەزمون و بڕوانامەی باڵا و شارەزای باشی کاری کۆمپیوتەریی و بایۆمەترین.

.

ئەگەر بەپێی ئەو بەڵگەنامانەى کە لای ناس کورد-ن، ناوەندیکی شاری ھەڵەبجە (بەپێی ڕێنماییەکانى کۆمسیۆن هەڵەبجە بە پارێزگا هەژمارنەکراوە و سەر بە سلێمانییە) بە نمونە وەربگرین:

کەسێک بە ناوی (أ ع ک) کە پۆستى بەڕێوەبەری هەبووە و بڕوانامەی بەکالۆریوس و ئەزمونی سێ ساڵ و چوار مانگی لە بوارەکەدا هەیە و شارەزای کاری کۆمپیوتەری و بایۆمەترییە بە جۆرێک لە ماوەى کەمتر لە ساڵ و نیوێکدا شەش هەزاری تۆماری بایۆمەتری ئەنجام داوە و نیشتەجێی ناو شاری هەڵەبجەیە لە کارەکەى دورخراوەتەوە.

لە بەرامبەردا، کەسێک دانراوە کە تەنھا یەک ساڵ و هەشت مانگ ئەزمونی هەیە و و ھیچ جۆرە کارێکی بایۆمەتری ئەنجامنەداوە و نیشتەجێی دەرەوەى شاری هەڵەبجەشە.

.

هەر بەپێی بەڵگەنامەکان، چەند کارمەندێک کە خاوەنی بڕوانامەى ئامادەین و هیچ جۆرە شارەزاییەکى کۆمپیوتەرییان نییە بە بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەر دامەزراون.

هەروەها چەند کەسێک کە نیشتەجێی شاری سلێمانین بەڵام لە ناوەندەکانى قەڵادزی و سەنگاو و گەرمک دانراون کە ئەوەش پێچەوانەى ڕێنماییەکانە.