گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چارەنوسی کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی.. مەسعود بارزانی دەبێتەوە بە سەرۆک؟

2020.08.22 - 18:47
چارەنوسی کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی.. مەسعود بارزانی دەبێتەوە بە سەرۆک؟

ناس کورد-

ئەگەرچی بڕیاربوو پارتی دیموکراتی کوردستان لەمساڵدا کۆنگرەی چواردەیەمی خۆی ئەنجامبدات، بەڵام بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی حزبەکە دەڵێت، هەتاوەکو کۆرۆنا بەمشێوەیە بێت ناتوانن کۆنگرە ئەنجامدەن، دەشڵێت، تاوەکو مەسعود بارزانی هەبێت سەرۆکی پارتییە.

 

لە بەرواری 18ی کانونی یەکەمی 2020، پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاریدا لەمساڵدا کۆنگرەی چواردەیەمی حزبەکەی ئەنجامبدات.

 

لەوبارەیەوە خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "کۆنگرە دوانەخراوە و هیچ بڕیارێک نەدراوە لەوبارەیەوە، بەڵام تاوەکو دۆخی کۆرۆنا بەمشێوەیە بێت ناتوانین کۆنگرە بکەین."

 

دەربارەی هەڵبژاردنەوەی مەسعود بارزانی لە کۆنگرەی نوێدا بە سەرۆکی حزبەکە، خەسرۆ گۆران ئاماژەی بەوەکرد: "کاک مەسعود سەرۆکی پارتییە و تاوەکو هەشبێت هەر سەرۆک دەبێت."

 

لە وەڵام ئەوەی سەرۆکی پارتی لە حزبەکە دورکەوتبێتەوە و لە بارەگاکەی کاروبارەکانی خۆی بکات ڕونیکردەوە: "ئێستا کاک مەسعود زیاتر گرنگی بە پارتی و کاروباری حزبەکە و ئەندامانی دەدات و بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا دەکات وەک لە جاران."

 

پارتی دیموکراتی کوردستان، تاوەکو ئێستا 13 کۆنگرەی ئەنجامداوە و لەماوەی 74 ساڵی تەمەنی حزبەکەدا، دوو سەرۆکی هەبووە، یەکەم سەرۆک مەلا مستەفای بارزانی بووە و مەسعود بارزانیش بووەتە دووەم سەرۆکی حزبەکە و تائێستا بەردەوامە.