گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزیری ناوخۆ ’’دەستوەردان لە کاروباری پەرلەمان دەکات و بڕیارێکی نایاسایی دەردەکات’’

2020.08.22 - 17:26
وەزیری ناوخۆ ’’دەستوەردان لە کاروباری پەرلەمان دەکات و بڕیارێکی نایاسایی دەردەکات’’

ناس کورد-

بڕیارێکی وەزیری ناوخۆی هەرێم بە سزادانی هەرکەسێک بە بڕی 20 هەزار دینار ئەگەر دەمامکی نەبەستبێت کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە و پارێزەرێکی ڕاوێژکاریش دەڵێت، بڕیارەکە نایاساییە و دەستوەردانیشە لە کاروباری دەسەڵاتی یاسادانان کە پەرلەمانی کوردستانە.

 

دوێنێ هەینی، 21ی ئابی 2020، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم کۆمەڵێک بڕیاری نوێی دەرکرد و لە یەکێکیاندا هاتووە: "هەرکەسێک لە دەرەوەی ماڵەکەی دەمامکی نەبەستبێت بەبڕی 20 هەزار دینار غەرامە دەکرێت"، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانرێت، بڕیارەکە چۆن جێبەجێدەکرێت و چۆن پارەی سزاکە لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت.

 

لەوبارەیەوە کارزان فازڵ، پارێزەری ڕاوێژکار بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "هەر لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە لە هەرێمی کوردستان زۆر بڕیار دراون کە نایاسایین، یاخود کۆمەڵێک دەسەڵات دراوە بە وەزیرێک کە دەسەڵاتی ئەو نییە و ئەو ناتوانێت ئەو بڕیارانە بدات."

 

وتیشی: "بڕیاری سزادانی هاوڵاتیانیش بە 20 هەزار دینار ئەگەر دەمامک نەبەستن، نایاساییە و وەزیرێک ناتوانێت ئەو بڕیارە دەربکات، چونکە ئەوە لە دەسەڵاتی ئەودا نییە و دەستخستنە نێو کاروباری دەسەڵاتی یاسادانانە کە لێرە پەرلەمانی کورستانە."

 

بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروست کردووە و وەزارەتەکە هیچ ڕونکردنەوەیەکیشی نەداوە کە چۆن بڕیارەکەی جێبەجێدەکات.

 

کارزان فازیڵ دەڵێت: "لە یاسادا هاتووە کە هیچ شتێک تاوان نییە ئەگەر بە دەقێکی یاسایی بە تاوانی دانەنابێت، ئەم بڕیارە هیچ ڕابردوویەکی  نییە و لەهیچ شوێنێکی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستاندا نەهاتووە."

 

ئەو پارێزەرە ئەوەشی خستەڕوو: "من دەپرسم ئەگەر کەسێک لەوکاتەدا پارەکەی پێنەبوو، یاخود ئامادەنەبوو بیدات، ئەوا چی لێدەکرێت؟ دەستگیردەکرێت؟ چۆن پارەکەی لێوەردەگیرێت و کێ لێی وەردەگرێت؟. "

  

ئەو پارێزەرە ڕونیشیکردەوە: "کاتێک وەزارەتێک دەیەوێت بڕیارێک یاخود ڕێنماییەک دەربکات، ئەوا پێویستە بگەڕێتەوە بۆ ئەو سزایەی کە دادگاکان دایانناوە و جێیبهێڵێت بۆ ئەوان، نەوەک خۆی بڕیاربدات."

 

ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەوەندەی ئێمە دەیبینین وەزارەتەکان و دامودەزگاکان کەسی یاساییان تێدایە، بەڵام نازانم بۆچی ڕۆڵیان نابینین لە دەرکردنی ئەو بڕیارانەدا و بەرپرسەکان لەوە ئاگادار ناکەنەوە لەو بڕیارانەی کە پێچەوانەی یاسان."

 

لەسەر ئەو پرسە ناس کورد پەیوەندیکرد بە سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە و سەرۆکی لیژنەی یاساییش لە پەرلەمان، ئامادەنەبوو قسە لەسەر پرسەکە بکات.