گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دهۆک و زاخۆ وەک ’’سەربازگەیەکی لێکراوە’’ و هێشتا چالاکوانان ئازاد نەکراون

2020.08.22 - 15:26
دهۆک و زاخۆ وەک ’’سەربازگەیەکی لێکراوە’’ و هێشتا چالاکوانان ئازاد نەکراون

ناس كورد-

چالاکێکی مەدەنیى شارى زاخۆ ڕایدەگەیەنێت، تائێستا ئەو چالاکانەى کە لە ڕۆژانى ڕابردودا دەستگیرکران ئازاد نەکراون و بارودۆخى ئەمڕۆى شاری زاخۆ و دهۆکیش وەکو سەربازگەى لێکراوە بۆ ڕێگریکردن لە خۆپیشاندەران.

 

شڤان سەعید، چالاکى مەدەنیی  لە شارى زاخۆ بە ناس کوردى ڕاگەیاند، تائێستا سەرجەم ئەو چالاکانەى لە ڕۆژانى ڕابردوودا بەهۆى خۆپیشاندانەکەى گومرگى ئیبراهیم خەلیلەوە دەستگیرکراون ئازاد نەکراون.

 

وتیشى، "ژمارەى ئەو چالاکانە کە بەشێکیان مامۆستا و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس و کادیرانى نەوەى نوێن 18 کەسن."

 

چالاکوانەکەى شارى زاخۆ ڕوونیشى کردەوە، چالاکە دەستگیراکراوەکانى دەڤەرەکە ژمارەیەکیان لەلاى پۆلیس و ژمارەیەکى دیکەشیان لەلاى ئاسایش زیندانى کراون.



لەبارەى بارودۆخى ئەمڕۆى شارەکەوە دواى بانگەشە بۆ خۆپیشاندان، شڤان وتى، "هێزێکى زۆر لەناو زاخۆ و دەرووبەرى و شیلادزێ بڵاوەى پێکراوە کە بریتین لە هێزەکانى زێرەڤانى و ئاسایش و پۆلیس و بارودۆخى شارەکە لەڕووى ئەمنیەوە بریتیە لەترس و نیگەرانی."

 

شڤان کە لە ماوەکانى ڕابردوودا لە خۆپیشاندانەکانى مامۆستایان دژى نەدانى موچە یەکێک بوو لە دەستگیراوەکانى ئاسایش باسى لەوەش کرد، ئەستەمە بتوانرێت لە دۆخێکى ئەمنى توندوتۆڵى لەو شێوەیەى شارى زاخۆ و دهۆکدا کەزۆربەى بازاڕ و شوێنە قەرەباڵغەکان داخراوە خۆپیشاندان بەڕێوەبچێت.