گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆ شوتی ڕنین چوو بەڵام ’’لە ڕێگای عەربەت کوشتیان و پارە و مۆبایلەکەیان’’ برد

2020.08.22 - 13:50
بۆ شوتی ڕنین چوو بەڵام ’’لە ڕێگای عەربەت کوشتیان و پارە و مۆبایلەکەیان’’ برد

ناس کورد-

چوارشەممەى ڕابردوو، 18ی ئابی 2020، دلێر خواحافیزی لە ماڵەوە کرد و بە مەبەستی ڕنینی شوتی چووە دەرەوە، بەڵام نەیزانی ئەو پارەیەی پێیەتی سەری دەخوات، تەرمەکەى دوای سێ ڕۆژ لە نزیک شارۆچکەى عەربەت دۆزرایەوە. 

 

بە قسەى پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، دوای سێ ڕۆژ لە دیارنەمانی هاوڵاتی دلێر عەبدولڕەحمان چەرمەگایی، لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی تەرمەکەی لە گوندێکی نزیک شارۆچکەى عەربەت دۆزراوەتەوە کە ئاسەواری گولـلەى بە جەستەیەوە دیارە.

 

دلێر خەڵکی گوندی چەرمەگای پێنجوێنە بەڵام  نیشتەجێی سەیدسادق بووە، پیشەی کرێکاری بووە، لەکاتی چوونە دەرەوەى 22 وەرەقەی پێ بووە.

 

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە ناس کوردی وت، بە وتەی خێزانەکەی بڕێک پارەی پێ بووە و لەوانەیە "کوشتنەکەشی لەسەر ئەو بڕە پارەیە بێت، دوو فیشەکیش بە تەرمەکەیەوە بووە".

 

بە قسەى خێزانەکەى بۆ پۆلیسی سلێمانی، "تەلەفۆنێکی بۆ کراوە و پێی وتووە دەچێت بۆ شوتی ڕنین بۆ پێنجوێن، ئیتر لەو کاتەوە نەهاتووەتەوە."

 

بە وتەى پۆلیس، "لە کاتی دۆزینەوەى تەرمەکەیدا، نە پارەکەی پێ بووە و نەک مۆبایلەکەشی، لەگەڵ ئەوەشدا تیمەکانی بەڵگەی تاوان گەیشتوەنەتە شوێنی روداوەکە و دەست بە لێکۆڵینەوە کراوە."

 

دەشڵێت، هەوڵ دەدەن سود لە ژمارە تەلەفۆنی کەسی کوژراو وەربگرن و لەگەڵ وتەى خێزانەکەى و ئەو بەڵگانەى لە بەردەستن، وردە وردە سەرەداوێک بۆ ڕووداوەکە بدۆزینەوە.