گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕۆژی جیهانیی کتێب، ڕۆژێکى سارد لە کوردستان

2019.04.23 - 18:44
ڕۆژی جیهانیی کتێب، ڕۆژێکى سارد لە کوردستان

ناس کورد – سۆما ئەمجەت

لە جیهاندا رۆژی 23ی نیسان بە ڕۆژی جیهانی کتێب ناسراوە، لە زۆرێک لە وڵاتان خوێنەران و کتێبدۆستان چەندین چالاکی جۆراوجۆر ڕێکدەخەن، ئامانج لە دانانی ڕۆژی تایبەتى کتێب، برەودان و هاندانی خەڵکە بۆ خوێندنەوەى کتێب، ساڵانە چەندین پێشانگای کتێب بەڕێوەدەچێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەم ڕۆژە زۆر بە ساردی بەڕێدەکرێت، نوسەران و کتێبدۆستان گلەیی لە کەمی خوێنەران و خوێندنەوەى کتێب دەگرن.

ئالان ڕەئوف، بەڕێوەبەری کتێبخانەى گشتیی سلێمانی بە ناس کورد-ی وت، لە سەرجەم کتێبخانە گشتییەکانى هەرێم سەردانی هاوڵاتیان بە مەبەستى وەرگرتن و خوێندنەوەى کتێب بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

ئالان ڕەئوف هۆکاری کەمبوونەوەى ڕێژەى خوێنەران دەگەڕێنێتەوە بۆ کەمبوونەوەى خواست و گرنگیدان بە خوێندنەوە لەناو هاوڵاتیاندا، هاوکات پێشکەوتنى تەکنەلۆجیا و تەمەڵبوونی خەڵک بەشێکى سەرەکی کەمی خوێندنەوەیە.

بەپێی ئامارەکانى کتێبخانەى گشتیی سلێمانی و هەولێر، ڕۆژانە 100 کەس بۆ 200 کەس سەردانی کتێبخانەی گشتی دەکەن و بەشی منداڵانیش هەفتانە 200 بۆ 300 منداڵ سەردانیان دەکەن، ئەوە لەکاتێکدایە مانگانە مۆڵەتی چاپکردن بە 110 کتێب دەدەن.

ئالان ڕەئوف ئاماژەى بەوەشکرد، لە ڕۆژی جیهانی کتێبدا پڕۆژەیەکی نوێ ڕادەگەیەنن بە مەبەستى زیادکردنی خوێنەر و بڵاوبوونەوەى کلتوری خوێندنەوە، هاوکات هەوڵێکە بۆ ئەوەى سەردانکەرانى کتێبخانە گشتییەکان زیاد بکرێن، لەئێستادا چوار کتێبخانەى گشتی لە هەرێمدا هەن کە لقیان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکاندا هەیە.

لە پڕۆژەکەدا، پێشبڕکێی کتێب خوێندنەوە لە نێوان 50-100 خوێنەردا ئەنجام دەدرێت و خوێنەران لە ماوەى مانگێکدا ڕۆژانە سەردانی کتێبخانە دەکەن و کتێب دەخوێننەوە، دواتر لە ڕێگەى لیژنەیەکى تایبەتەوە هەڵسەنگاندن بۆ خوێنەرەکان دەکرێت و 10 کەس بە براوە هەژمار دەکرێن و خەڵات دەکرێن.