ئەمڕۆ هەینی، 21ی ئابی 2020، مستەفا کازمی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، "هەردوو لایەنی عێراقی و ئەمریکی زۆر ئاسودە بوون بە کۆبوونەوەکان، باسی هەماهەنگی ئابوری و ئەمنی و دووبارە هەڵسەنگاندنەوە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کرا."
دەشڵێت، "لەڕێگەی گفتوگۆی ستراتیژییەوە ڕێککەوتین لەسەر کۆمەڵە بنەمایەک کە هەمووی لە بەرژەوەندی گەلی عێراق بوون، ئەوەى پەیوەندی بە بوونی هێزەکانی ئەمریکاوە هەیە لە عێراق، دووبارە ڕێکخستنەوە و جێگیرکردنەوەى هێزەکانی ئەمریکا لە دەرەوەى عێراق."
دەشڵێت، هەر لە گفتوگۆی ستراتیژیدا "ڕێککەوتین لەسەر دروستکردنی تیمێکی هونەری بۆ دۆزینەوەى میکانیزمی چۆنیەتی بڵاوکردنەوەى هێزەکان لە دەرەوەى عێراق."
کازمی جەختیکردووەتەوە کە ئەوە "یەکەمجارە هەڵوێستی ڕوونی ئەمریکا ببینم و تێگەشتنیان بۆ داواکارییەکانی حکومەتى عێراق هەبێت، سەرۆک ترەمپ جەختی کردەوە کە لە ماوەى سێ ساڵی داهاتوودا هێزەکانی لە عێراق دەکشێنێتەوە و لە دەرەوەى عێراق جێگیر دەکرێن."
باسی لەوەشکرد کە "سەرۆکى ئەمریکا وتی ژمارەى هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کەمن، هەر بە ڕاستی وایە و کەمە، بەڵام عێراق پێویستی بە هێزی مەشقپێکەر و گەشەپێدەری هێزە چەکدارەکان هەیە."
کازمی ڕونیشیکردەوە کە "لە بواری ئابوری، عێراق پێویستی بە هەڵسەنگاندنی پەیوەندییەکان هەیە لەپێناو بەرژەوەندی خۆی، بە تایبەت ئەمریکا وڵاتێکی گرنگە، چەندین پیشەسازی گەورەى تێدایە لە بوارەکانی نەوت و وزە و تەنانەت پەروەردەش، عێراق چانسی ئەوەى هەیە سود لە هاوبەشی وڵاتانی پیشەسازی گەورە وەربگرێت."
ئاشکراشیکرد کە "چەند یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە بوارەکانی نەوت و وزە واژۆ کراون، گرنگترینیان پەیوەندی بە نەوتی پارێزگای زیقارەوە هەیە کە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و سودێکی گەورە بە ڕۆڵەکانی پارێزگاکە و عێراق بە گشتی دەگەیەنێت."
باسی لەوەشکرد کە "بەدڵنیاییەوە ئەو هاوبەشییە پەیوەندییەکی نوێی لەسەر بنەمای پەیوەندی دەوڵەت لەگەڵ دەوڵەت دروستدەکات، واتە بۆچوونی عێراقی و بڕیاری عێراقی هەیە، کەسی تر لەجیاتی عێراق بڕیار نادات."
وتیشی، تورکیا دەوڵەتێکی دراوسێ و گەورە و گرنگە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئێمە هەموو دەستدرێژییەکی تورکیا بۆسەر خاکی عێراق ڕەتدەکەینەوە، هەروەها دەستدرێژی لایەنەکانی تریش لە خاکی عێراقەوە بۆسەر تورکیا ڕەتدەکەینەوە."