کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد – فوئاد عەبدوڵا
ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند، بەهۆى کەمی خزمەتگوزاری و گرانی کرێی خانوبەرە لە پارێزگای نەینەوا، هەندێک لە ئاوارەکانی موسڵ و ناوچەکانى دەوروبەری دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
حوسامەدین ئەلعەبار، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە ناس کورد-ی وت، بەشێکى تر لە هۆکاری کۆچی دووبارە و گەڕانەوەى خەڵکی موسڵ بۆ هەرێم پەیوەندی بە مەترسی و هەڕەشە ئەمنییەکانەوە هەیە، ئاسایشی ناوچەکە بە تەواوەتى خراپ بووە.
حوسامەدین ئەلعەبار وتیشى، " بەشێکى زۆر لە خانوو و ماڵەکان بەهۆى شەڕی داعشەوە ڕوخاون یان نەشیاون بۆ نیشتەجێبوون، زیاد لەوەش، لە هەندێ گەڕەکی موسڵ کرێی خانوو لە شاری هەولێر بەرزترە بۆیە هاوڵاتیان ناچار دەبن بگەڕێنەوە هەرێم."
.
لەبارەى شانە نوستووەکانى داعشیشەوە، حوسامەدین ئاماژەى بەوەکرد، "بەهۆی فراوانی سنوری عێراق سوریا و كەمی هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنى ئاسایش، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر گروپێكی داعش هەڵیکوتاوەتە سەر گوندێکى ناحیەی بەعاج لەسەر سنوری عێراق-سوریا و ماڵیكی ئەو گوندەی سوتاندووە و بڕێك مەڕوماڵاتی گوندنشینانی بردووە، دوای گەیشتنى هێزی ئەمنیەكانیش ئەو گروپە هەڵهاتوون و و خۆیان لەو سنورە فراوانە حەشار داوە".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ڕەخنەی لە حکومەتى عێراق گرت بەوەى ئەو هێزە ئەمنییانەى لە ناوچەکەدا هەن چەكی قورس و ئامیر و ئوتومبێلی سەربازی گونجاویان پێ نییە تاوەکو بە باشی هاوڵاتیان و سنورەکە بپارێزن."