گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕونکردنەوەیەک لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە دەربارەی پرسی کشانەوە لە حکومەت

2020.08.20 - 19:02
ڕونکردنەوەیەک لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە دەربارەی پرسی کشانەوە لە حکومەت

ناس کورد-

دوای ئەوەی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق داوایان لە حزبەکەیان کرد لە حکومەتی هەرێم بکشێتەوە، بزووتنەوەکە ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەشداریکردن لە کابینەی نۆیەم بڕیاری جڤاتی نیشتمانی بووە، بۆ ئەوەش بزوتنەوەکە بەردەوام هەڵسەنگاندن دەکات و دوا بڕیار لە جڤاتی نیشتیمانی دەدرێت.  

 

لە ڕوونکردنەوەیەکدا عەدنان عوسمان، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند: "بزوتنەوەی گۆڕان لە دەستپێکی سەرھەڵدانیەوە ھێزێکی سیاسی و مەدەنیە و پایەکانی لەسەر سیستەمێکی ئاسۆییە و دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان دیاری کردوە، بەردەوام روانین و دیدگای جیاواز ھەیە و ئەمەش سەلمێنەری زیندویەتی دامەزراوە و ئۆرگانەکانی بزوتنەوەکەیە."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "باڵاترین دامەزراوەی بڕیاردان لە گۆڕان جڤاتی نیشتمانیە، بەشداریکردن لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بڕیاری جڤاتی نیشتمانی بووە، بۆ ئەمەش بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوام هەڵسەنگاندن دەکات و دوا بڕیار لە جڤاتی نیشتیمانی و بە بەشداری هەموان دەدرێت، نەک یەک ئۆرگان."

 

وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەشی خستووەتەڕوو: " سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژادنی ناوخۆیی و کۆنفرانسی نیشتمانی ئەوە خواستی زۆرینەی گۆڕانخوازانە و بڕیاری لەسەر دراوە و کاری لەسەر دەکرێت."

 

باسی لەوەشکردووە: "بزوتنەوەی گۆڕان پێشوازی لە پێشنیاز و پرۆژە و دیدگای جیاواز دەکات لە پێناو بەهێزکردنەوەی کاری رێکخراوەیی و پەرلەمانی و حکومی. سوپاس و پێزانینی هەیە بۆ ماندوبونی سەرجەم گۆڕانخوازان لە یانزە ساڵی رابردودا و هەمو ئەو پڕۆژانەش بە نیشانەی پەرۆشی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دەزانێت."

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی ئابی 2020، فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ڕەخنەیان لە کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی موچە بەشێوازی لێبڕین و گرت و داوایان لە بزووتنەوەکە کرد لە حکومەت بکشێتەوە.