گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەستەی دەستپاكی: فەرمانی دەستگیركردن بۆ سەرۆكی وەبەرهێنانی شاری كەركوك دەرکرا

2020.08.20 - 15:00
دەستەی دەستپاكی: فەرمانی دەستگیركردن بۆ سەرۆكی وەبەرهێنانی شاری كەركوك دەرکرا

ناس کورد-

دەستەی دەستپاكی عێراق ئاشكرای کرد، بەتۆمەتی تێوەگلانی لەگەندەڵی لەچەند پڕۆژەیەكی وەبەرهێنانی كەركوكدا، فەرمانی دەستگیركردن بۆ سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی شارەكە دەرکراوە و لێكۆڵینەوە لەكەیسەكە دەستی پێكردوە.

 

لەڕاگەیەنراوێكدا كە ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 20ی ئابی 2020) بڵاوی كردەوە، فەرمانگەی لێكۆڵینەوەی سەر بەدەستەى دەستپاکى عێراق ڕایگەیاند، دادوەری لێكۆڵینەوەی تایبەت بەپێی مادەی 340 لەیاسای سزادانی عێراقی،  فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی پارێزگای كەركوك دەركردووە، ئەوەش بەتۆمەتی پێشێلكردنی یاسا لەپڕۆژەی برایەتی بۆ نیشتەجێ بوون.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، فەرمانی دەستگیركردن بۆ سەرۆكی پێشووی دەستەی وەبەرهێنانی شارەكە لەهەمان پرسدا دەگرێتەوە كە ئەوەش بەپشتبەستن بەچەند مادەیەكی یاسایی.

 

دەستەی دەستپاكی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، كارمەندانی نوسینگەی لێكۆڵینەوەی دەستەكەیان لەپارێزگاكە و بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی لایەنی یاسایی فەرمانی دەستگیركردن و گەڕان لەدژی ئەو دوو بەرپرسە جێبەجێكراوە و ڕەوانەی دادوەری لێكۆڵینەوەی تایبەتمەند كراون.

 

ئەوەش خراوەتە ڕوو، دەستەكە لە10ی ئەم مانگەوە فەرمانی دەستگیركردنەكەی دەركردووە و كەیسەكەیان پەیوەندی بەتۆمەتباركردنیانەوە هەیە لەپڕۆژەی سۆما سیتی كە تایبەتە بەنیشتەجێ بوون لەشارەكە.

 

لەكۆتایی ڕاگەیەنراوەكەدا باس لەوەش كراوە، 111 پڕۆژەی وەبەرهێنانی كەركوك لێكۆڵینەوەی تێدا كراوە كە 86 پڕۆژەیان ڕێژەی تەواوكردنیان لەئاستی سفردایە كە تایبەتە بە كۆمەڵگەی نیشتەجێ بوون و هوتێل و مۆڵەكان و نەخۆشخانە و زانكۆ ئەهلیەكان.