گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتى دارایى لەچوارچێوەى چ یاسایەک کارەکانى دەکات؟

دواکەوتنى پێشکەشکردنى پڕۆژەى بودجەى گشتى روبەڕوى رەخنەى پەرلەمانتاران بۆتەوە

2020.08.20 - 09:26
App store icon Play store icon Play store icon
دواکەوتنى پێشکەشکردنى پڕۆژەى بودجەى گشتى روبەڕوى رەخنەى پەرلەمانتاران بۆتەوە

ناس کورد-

لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق ڕەخنەى لەدواکەوتنى پێشکەشکردنى پڕۆژە یاساى بودجەى گشتى 2020 گرت لەلایەن حکومەتەوە و ئاماژەى بەوە کرد وەزارەتى دارایى عێراق لە نەبوونى بودجەدا دوور لە چوارچێوەیەکى یاسایى کارەکانى دەکات.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەرى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، رەزامەندى ئەنجومەنى نوێنەران لەسەر یاساى قەرزکردنى دەرەکى لەدواى دەرکردنى بڕیارێک بوو کە حکومەتى ناچار کردبوو بە ناردنى پڕۆژەى بودجەى 2020 بۆ پەرلەمان.

 

وتیشى، قەرزکردنى دەرەکى لە بودجەى ساڵى 2019ەوە راگیرابوو بەهۆى مەترسى و ئەو نەنگییە داراییەى کە لە ئایندەدا لەسەر عێراق بەجێى دەهێڵێت.

 

بەوتەى سەفار، هەربۆیە ڕەزامەندى پەرلەمانى عێراق لەسەر ئەنجامدانى قەرزە دەرەکییەکە مەرجدارکرابوو بە پێشکەشکردنى وەرەقەیەکى چاکسازى لەماوەى 60 ڕۆژدا.

رونیشیکردەوە، عێراق وڵاتێکى دەوڵەمەندە و چەندین سەرچاوەى تر جگە لە نەوت لەم وڵاتەدا هەیە کە پشتى پێ ببەسترێت وەک سەرچاوەى داهات.

 

"هەربۆیە وەزارەتى دارایى عێراق لەدەرەوەى چوارچێوەیەکى یاسایى کارەکانى دەکات و لیژنەى دارایى هیچ زانیارییەکى لەبارەى ئەو پارانە نییە کە وەزارەت لە داهاتى گشتى خەرجى دەکات و ئاگادارى ئەو داهاتانەش نییە کە دەچێتە خەزێنەى دەوڵەتەوە" ئەحمەد سەفار واى وت.

 

بڕیاردەرى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق داواشى لە حکومەت و وەزارەتى دارایى کرد پەلە بکەن لە پێشکەشکردنى بودجەى گشتى 2020 و خستنەڕووى خەرجى و داهاتەکانى ئەو چەند مانگەى کە لەمساڵدا ماوە و تاوەکو ئەوانیش وەک لیژنەکەیان بتوانن بە ئەرکى چاودێریکردنى خۆیان هەستن.