گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرچاوەيەك ئەو ياداشتانە بۆ ناس ئاشكرا دەكات كە لەنێوان عێراق و ئەمريكا واژۆ كراون

2020.08.19 - 22:48
سەرچاوەيەك ئەو ياداشتانە بۆ ناس ئاشكرا دەكات كە لەنێوان عێراق و ئەمريكا واژۆ كراون

ناس کورد- 

سەرچاوەيەكى ئاگادار لە ئەميندارێتى ئەنجومەنى وەزيران ئەو ياداشتنامانە ئاشكرا دەكات كە عێراق لەگەڵ ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا واژۆى كردووە لەكاتى سەردانەكەى مستەفا كازمى سەرۆكوەزيران بۆ واشنتۆن.

 

سەرچاوەكە بە ناس کوردى وت، واژۆكان بە عەلى عەلاوى وەزيرى دارايى دەستيپێكرد و ياداشتنامەيەكى لێکتێگەيشتنى لەگەڵ دامەزراوەيەكى دابينكردنى دارايى و گەشەپێدانى ئەمريكى واژۆ كردووە.

 

سەرچاوەکە باسى لەوەشكرد، هەروەها وەزيرى نەوت سێ ياداشتنامەى لەگەڵ هەريەكە لە كۆمپانياكانى "شيفرۆن"، "هنى ويڵ" و "بيكەر هيوز" واژۆ كردووە، وەزيرى كارەباش دوو ياداشتنامەى لێكتێگەيشتنى لەگەڵ كۆمپانياكانى "جى ئى" و "ستيلێز" واژۆ كردووە.

 

سەرچاوەكە ئەوەشى بۆ ناس کورد ئاشكرا كردووە، یاداشتنامەکان لە پەراوێزى كۆبونەوەى وەفدى عێراقى و كۆمپانياكان واژۆ كراون، ئەوەش بريتييە لە بەشێك لەوەى كە لە سەردانەكەدا واژۆ دەكرێن و لە بەردەوامى سەردانەكە چەندين ياداشتنامەى لێكتێگەيشتنى تر واژۆ دەكرێن.

 

وەفدى عێراقى بە سەرۆكايەتى مستەفا كازمى سەرۆكوەزيرانى عێڕاق و ئەندامێتى چەندين وەزير و ڕاوێژكار لە ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكايە و هەر ئەمڕۆش دەستپێكردنى گەڕى دووەمى گفتوگۆى ستراتيژى نێوان هەردوو وڵات ڕاگەيەنرا.

 

دواى كۆبونەوەى فوئاد حسێن وەزيرى دەرەوەى عێراق و مايك پۆمپيۆى هاوتاى كۆنگرەيەكى ڕۆژنامەوانيان سازكرد و پۆمپيۆ وتى، يۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت پشتگيرى عێراق دەكەين، واشنتۆن پابەندە بە پێشكەشكردنى هاوكارى بە عێراق و گفتوگۆكان تەنها دەربارەى ژمارەى هێزەكانى ئەمريكا نييە لەو وڵاتە.  

  

جەختیشى كردەوە، بەڵێنى هاوكاريكردنى عێڕاقمان داوە و هەروەها بڕى 200 مليۆن دۆلار هاوكارى پێشكەش دەكەين و هيوامان عێراقێكى خاڵييە لە گەندەڵى، هەوڵ بۆ سەقامگيرى لەو وڵاتە دەدەين.  

  

لاى خۆشيەوە فوئاد حسێن باسى لەوەكرد، لە كۆبونەوەیان لەگەڵ وەزيرى دەرەوەى ئەمريكا باسى پەيوەنديە ئابوريیەكانى نێوان هەردولا و بەرەنگاربونەوەى كۆرۆنایان كرد، لەگەڵ واشنتۆن چەندين ياداشتى لێكتێگەيشتن واژۆ دەكەن.  

  

وتيشى، بەغدا و واشنتۆن لەشەڕى دژى ڕێكخراوى داعشدا لەيەك خەندەقدان، جەختیشى كردەوە كە لەگەڵ كۆمپانياى "شيفرۆن"ى ئەمريكى بۆ تەكنەلۆژياى نەوت ڕێكکەوتنێك واژۆ دەكەن.