گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئێران شەڕی ئاو لەگەڵ عێراقدا دەکات

ئاستی ئاوی عەمبارکراو لە هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان کەمیکردووە

2020.08.19 - 21:13
App store icon Play store icon Play store icon
ئاستی ئاوی عەمبارکراو لە هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان کەمیکردووە

ناس کورد-

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئێران ڕێژەی بەردانەوەی ئاوی لەهەردوو ڕووباری زێی بچوک و سیروان کەمکردووەتەوە ئەوەش وایکردووە ئاستی ئاوی عەمبارکراو لە هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم بکات.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ئەمڕۆ (چوارشەممە، 19ی ئابی 2020) وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕایگەیاند "ئێران ڕێژەی بەردانەوەی ئاوی لەهەردوو ڕووباری زێی بچوک و سیروان کەمکردووەتەوە بەجۆرێک بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی عەمبارکراو لەهەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان کە لەبنەڕەتدا ئەو دوو بەنداوە بەدەست کێشەی کەمی ئاوەوە دەناڵێنن".

 

ئاماژە بەوەش کراوە "وێستگەکانی چاودێری وەزارەت کەکەوتوونەتە سەر ڕۆخی هەردوو ڕووبارەکە ئەوەیان دەرخستووە، ڕێژەی هاتنی ئاو لە ڕووباری سیروانەوە بۆ بەنداوی دەربەندیخان لە حەوت مەتر سێجا لەچرکەیەکدا کەمبووەتەوە بۆ چوار مەترسێجا لە چرکەیەکدا بە هەمان شێوەش ئاوی زێی بچوک کە دەڕژێتە ناو بەنداوی دوکان کەمبووەتەوە بۆ دوو مەترسێجا لە چرکەیەکدا".

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "کەمبوونەوەی ئەو ڕێژەیە ئەوە دەگەیەنێت کە ئێران ئاوی ئەو دوو ڕوبارەی بە تەواوەتی گرتووەتەوە ئەوەش وایکردووە ئاستی ئاوی عەمبارکراو لەو دوو بەنداوە زۆر کەمبێتەوە ئەوەش لەکاتێکدایە کە هەردووکیان لە بنەڕەتدا ئاستی ئاوی عەمبارکراو تێیاندا کەمە".

 

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق باسی لەوە کردووە "ئێران بەشێکی لە ئاوی زێی بچوکی گلداوەتەوە و لەڕێگەی چەندین پڕۆژەوە ئاڕاستەی دەریاچەی ئورمییەی کردووە و بەشێکی تریش لە ئاوی ڕوباری سیروانی گلداوەتەوە بۆ ئەنجامدانی چەندین پڕۆسەی ئاودێری لە ناوچەکانی کرماشان و سەرپێلى زەها و کە ئەویش پێچەوانەی هەموو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە".

 

لەبەشێکی تری ڕاگەیاندراوەکە، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق هۆشداریداوە لەبەردەوامبوونی ئێران لە گرتنەوەی ئاوی ئەو دو ڕوبارە، چونکە کەمبونەوەی ئاستی  ئاو لەو دوو بەنداوە دەبێتە هۆکاری زیانکەوتن بە جوتیارانی پارێزگای دیالە و ناوچەکانی حەمرین و لە هەمانکاتیشدا دەبێتە هۆکاری زیانگەیاندن  بە جوتیارانی پارێزگای کەرکوک و ناوچەکانی باشوری عێراق".

 

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق داواشیکردووە "ئێران بەزوترین کات ڕێژەی بەردانەوەی ئاو لەو دوو ڕوبارە بگەڕێنێتەوە دۆخی جارانی بۆ ئەوەی چیدی هاووڵاتیانى عێراق لەهەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق دوچاری زیان نەبنەوە".