ناس کورد-
نوسینگەى وەزیرى دارایى و ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان رونکردنەوەیەکى لەبارەى پشکنینى ئۆتۆمبێل بڵاوکردەوە و رایگەیاند "ڕێگە نادرێت پشکنینى ئۆتۆمبێل لە دەروازە سنورییەکان ئەنجام بدرێت".
لە روونکردنەوەکەى نوسینگەى وەزیرى دارایى و ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاماژە بەوە کراوە، سەبارەت بە پشكنینی پێشوەختەی ئۆتۆمبێلی هاوردەكراوو پێدانی بڕوانامەی ( COC )، جەخت دەكەینەوە لەسەر جێبەجێکردنی بڕگەكانی بەیانی ژمارە(٤٥)ی ساڵی ٢٠٢٠ ی هاوبەش لەنێوان وەزارەتمان و وەزارەتی ناوخۆ".
بەگوێرەى روونکردنەوەکە، لەبەر بەرژەوەندی گشتی و ڕێگری کردن لە هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی خراپ و کوالێتی نزم، ئەوا پشكنینی پێشوەختە تەنها لەو وڵاتە دەکرێ کە ئۆتۆمبێلەکەی لێوە هاوردەکراوە، وە بەپێچەوانەوە ڕێگا نادەین ئەم جۆرە پشكنینە لە دەروازەكان ئەنجام بدرێت وئۆتۆمبێل بەبێ بروانامەی ( COC ) هاوردەبکرێت.
لە روونکردنەوەکەدا نوسینگەى وەزیرى دارایى سەرجەمى ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختەی ئۆتۆمبێل لەدەروازەكانی هەرێمی کوردستان دەكەن ناڕاستن و دوورن لە ڕاستیەوە.
هۆشدارى ئەوە دەدات، هەر کەس هۆكاری بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵانە بێت، ڕووبەڕوی یاسای دەكەنەوە.