گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕێكخراوى تەندروستى زەنگى مەترسى لە عێراق لێدا

2020.08.19 - 17:37
App store icon Play store icon Play store icon
ڕێكخراوى تەندروستى زەنگى مەترسى لە عێراق لێدا

ناس کورد- 

ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى هۆشدارى دەدات لە بەرزبونەوەى ژمارەى توشبووانى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە عێراق و ڕوودانى تەنگژەيەكى تەندروستى گەورە چونكە ژمارەى توشبووان بەشێوەيەك بەرزبووەتەوە كە جێى نيگەرانييە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ڕۆژى (سێشەممە) دەسەڵاتدارانى تەندروستى عێراق بڵاويانكردەوە، 4576 توشبووى ترى كۆرۆنا تۆمار كراون و نزيكەى يەك لەسەر چوارى لە بەغدا بووە، بەوەش كۆى گشتى توشبووان لە عێراق 184 هەزار كەسى تێپەڕاند، هەروەها 82 هەزار كەسى تريش گيانيانلەدەستداو كۆى گشتى گيانلەدەستدان گەيشتە 6036 كەس، ئەوەش لەسەرەتاى بڵاوبونەوەى پەتاكە لە عێراق.

 

ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى لە راگەیەندراوێکدا باسى لەوە كردوە، بڵاوبونەوەى پەتاى كۆرۆناى نوێ COVID-19 بووەتە هۆى زيادبونى چەندين ئاڵنگاریى نوێ لەسەر سيستمى تەندروستى كە خۆى لەخۆيدا چەندين ساڵ كێشمەكێش لاوازى كردووە.

 

ڕونيشكراوەتەوە، وەڵامدانەوەى كاريگەر و خێراى دەسەڵاتدرانى تەندروستى بۆ پەتاكە بەتايبەتى لە مانگەكانى سەرەتايدا جێى ستايشە، بەڵام بارودۆخەكە لە چەند مانگى ڕابردودا تێكچووە ئەوەش بە چەند هۆكارێك، لەوانەش سوككردنى كۆت و بەندەكان و پابەندنەبوون بە رێوشوێنەكانى خۆپاراستن ياخود جێبەجێكردنى لەرێگەى هێزەوە.

 

ڕێكخراوەكە داواشى كردووە كە گردبونەوە ئەنجام نەدرێت و ستايشى ڕێنماييەكانى پياوانى ئايينى و سياسيشى كردووە كە داوايان كردووە لە چەند ڕۆژى داهاتوو كۆبونەوە و گردبوونەوەى جەماوەرى ئەنجام نەدرێت.

 

لەئێستادا عێراقيەكان ئامادەكارى بۆ ڕێوڕەسمەكانى عاشورا دەكەن، كە ماوەى 40 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و لە ڕۆژى 20 ى موحەرەمەوە دەستپێدەكات و 20 ى سەفەر كۆتايى دێت، بەهۆى ئەوەشەوە مليۆنان كەس ڕوودەكەنە پارێزگاى كەربەلا و مەرقەدە شيعيەكان لە بەغدا، نەجەف و سامەرا بۆ ئەنجادانى ڕێوڕەسمەكە.

 

بەگوێرەى سەرژمێريەكانى عێراق، ژمارەى بەشداربوان لە عاشورا ساڵانە 10 بۆ 15 مليۆن كەسە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆى ڤايرۆسى كۆرۆناوە مەرجەعيەتى شيعە داواى لێبوردنى كرد لەوەى كە ئەمساڵ ڕێگە بە سەردانيكەرانى دەرەوەى وڵات نادات بێنە ناوەوە، ئەوەش لەلايەن ڕێكخراوى تەندروستى جيهانيەوە پێشوازى لێكرا، سەرەڕاى ئەوەش پارێزگاى نەجەف ئاشكرايكرد كە سنورەكانى بەسەر سەردانيكەرانى پارێزگاكانى تردا دادەخات.

 

بەڵام پێشبينى ئەوە دەكرێت عێراقيەكان پابەندنەبن بە ڕێنماييەكانەوە و لە ڕێگە لاوەكيەكانەوە خۆيان بگەيەننە كەربەلا.

 

پێشتريش ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى ڕايگەياندبوو، 98%ى توشبووانى كۆرۆنا لە عێراق لە سێ مانگى كۆتايدا تۆمار كراون، ئەوەش واتاى ئەوەيە پەتاكە بەخێرايى لەناو عێراقيەكاندا بڵاودەبێتەوە.

 

لەدواى وڵاتى سعوديە كە 301 هەزار توشبووى تۆمار كردووە، عێراق دووەم وڵاتە لەڕووى بوونى ژمارەى توشبووانەوە، بەدواى ئەويشدا وڵاتى قەتەر دێت بە تۆماركردنى 115 هەزار حاڵەت و دواتريش ميسر بە 96 هەزار، عێراقيش لە جيهاندا لە پلەى 21 دێت.