گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پزیشکێکى دیارى کۆرۆنا دۆخەکە بۆ ناس کورد شیدەکاتەوە

ئامارى کۆرۆنا لە سلێمانى ’25% بۆ 30% بەرزبووەتەوە’

2020.08.19 - 17:09
ئامارى کۆرۆنا لە سلێمانى ’25% بۆ 30% بەرزبووەتەوە’

ناس کورد-

سەرپەرشتیاری تیمی تاقیگەی دەستنیشانکردنی کۆرۆنا لە سلێمانى ئاشکرایدەکات، ژمارەى توشبووانى ڤایرۆسەکە لەسنورى پارێزگاکە بەڕێژەى 25% بۆ 30% بەرزبووەتەوە و پێویستە پەنا بۆ کەرەنتینى لۆکاڵى ببرێت بۆ سنوردارکردنى هەڵکشانى ئامارەکە.

 

سەرەتاى ئەم مانگە و لەرۆژانى جەژنى قورباندا ئامارەکانى کۆرۆنا لەسنورى پارێزگاى سلێمانى بەڕێژەیەکى بەرچاو رووى لەدابەزین کرد، بەڵام لە ئێستادا جارێکى تر رووى لەبەرزبوونەوە کردووەتەوە.

 

بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، لەکۆى 22 هەزار و 278 توشبووى کۆرۆنا لە سەرتاسەرى هەرێم، 10 هەزار و 308 یان لەسنورى پارێزگاى سلێمانین کە زیاندمەندترین پارێزگایە، هەروەها لەکۆى 803 مردن 503 حاڵەتى لە سلێمانییە.

 

د. زانا حەمید، سەرپەرشتیاری تیمی تاقیگەی دەستنیشانکردنی کۆرۆنا و پزیشکی پسپۆڕ لەڤایرۆسی کۆڕۆنا بە ناس کوردی ڕاگەیاند "بەهۆى تێکەڵاوبوونى خەڵک و پابەندنەبوون بە رێنماییەکان جارێکى تر ئامارەکان بەرزبوونەتەوە بە رێژەى 25% بۆ 30%".

 

ئامارەکانى تەندروستى سلێمانى دەریدەخەن ژمارەى ئەو کەسانەى رۆژانە رەوانەى نەخۆشخانەکان دەکرێن بۆ چارەسەر روو لە زیادبوونە، لەکاتێکدا سەرەتاى ئەم مانگە تەنها سێ نەخۆش داخاڵکرابوو، بەڵام ئێستا رۆژانە لەنێوان 30-40 توشبووى نوێ داخڵدەکرێن.

 

د. زانا وتیشى "ئێستا توشبووى نوێمان زۆرە کە لە نەخۆشخانەکان داخڵکراون و هەمان نیشانەکانى پێشوویان هەیە، پێویستە هەنگاوى پێویست بنرێت بۆ سنوردانان بۆ ئەم هەڵکشانە".

 

بەرزبوونەوەى ئامارەکانى توشبووانى کۆرۆنا لە سلێمانى هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەى ئامارەکە لەسەرتاسەرى هەرێم، لەگەڵ ئەوەشدا لەرووى ریزبەندى هەڵکشانەوە لەم شەپۆلە نوێیەدا لەدواى پارێزگاى هەولێرەوەیە کە بەخێرایی ئامارەکە لەو پارێزگایە روو لە هەڵکشانە.

 

د.زانا دەڵێت، هێشتا دیار نییە ئەم هەڵکشانەى ئێستا شەپۆلێکى کورتخایەنە و بەهۆى تێکەڵاوى دوبارەى خەڵکەوە سەریهەڵداوە، یاخود شەپۆلێکى نوێیە، ئەوەش لەهەفتەکانى داهاتوودا دەردەکەوێت.

 

"لەگەڵ هەڵکشانى ئامارەکان بەڵام هێشتا ئامارەکان وەکو مانگى حوزەیران نییە کە ئامارەکە زۆر بەرزبووەوە، بۆیە هێشتا رەوشەکە زۆر جێگەى مەترسی نییە هەرچەندە خودى بوونى ڤایرۆسەکە خۆى مەترسییە، بەڵام ئەگەر ئامارەکە بگاتە دوو هێندە ئەوا رەوشەکە مەترسیدار دەبێت"، د.زانا وایوت.

 

سەربارى هەڵکشانى ئامارى توشبووان، رۆژانە ژمارەیەکى زۆر پەتاکە تێدەپەڕێنن و چاکدەبنەوە، بەپێى ئامارەکانى تەندروستى سلێمانى لەماوەى نێوان 26-7 تا 8-8 دا 856 توشبوو چاکبوونەتەوە.

 

هەڵکشانى ئامارەکان لەکاتێکدایە، حکومەت رێوشوێنەکانى بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسەکەى وەکو کەرەنتینە و قەدەغەى هاتووچۆى بەتەواوەتى هەڵگرتووە و تەنها داوا لە خەڵک دەکات بە بەستنى دەمامک خۆ دورگرتن لە قەرەباڵغى خۆیان بپارێزن.

 

بەبڕواى د.زانا کەرەنیتنەى گشتى و قەدەغەى هاتووچۆ سودى نابێت بۆ رێگرى لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە، چونکە ڤایرۆسەکە لەناو خەڵکدایە، بەڵکو پێویستە پەنا ببرێت بۆ کەرەنتینەکردنى لۆکاڵى و لەناو ماڵاندا توشبووان خۆیان کەرەنتینە بکەن تا ڤایرۆسەکە زیاتر بڵاونەبێتەوە.