گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چەند زانیارییەک لەبارەى سەردانەکەى کازمی بۆ ئەمریکا

کازمى لە واشنتن؛ ئایا لە دەرگاى نەوت و گازەوە ململانێ لەگەڵ تاران ڕادەگەیەنێت؟

2020.08.19 - 13:36
App store icon Play store icon Play store icon
کازمى لە واشنتن؛ ئایا لە دەرگاى نەوت و گازەوە ململانێ لەگەڵ تاران ڕادەگەیەنێت؟

ناس کورد-

کازمى بە جانتایەکى پڕ لە دۆسیەوە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ بەرپرسانى ئەمریکیدا دەکات لەسەرووى هەمویانەوە دۆناڵد ترەمپ، لەناویاندا دۆسیەى نەوت و گازى سروشتى و ئەنجامدانى گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کازمى کە بەرەبەیانى ئەمڕۆ بەسەرۆکایەتى شاندێکى باڵا گەیشتە واشنتۆن، کارنامەى سەردانەکەى بە دوبارە دانانرێت و بەكارتی ڕێكەوتنی نەوتییەوە دەچێتە ناو كۆشكی سپیەوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى رۆژنامەى (العالم الجدید)ى عێراقى.


بەوتەى چەند سەرچاوەیەک، پێش سەردانەی بۆ واشنتۆن و لەپشتی پەردەوە، بەئامادەبوونی چەند سەركردەیەكی هاوپەیمانی فەتح، مستەفا كازمیی پیشوازی لە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی كردووە.

 

بەپێی رۆژنامەکە، هەرچەندە ناوەڕۆكەكەی نەخراوەتە ڕوو، بەڵام ئەو زانیاریانەی كە دزەیان كردووە ئاماژە بەوەدەکەن کە سەردانەكەی قائانی دوور نەبووە لە كەشوهەوا و خۆئامادەكردنی كازمی بۆ ئەوەی بەرەو واشنتۆن بۆ دیداری سەرۆكی ئەمریكا بكەوێتە ڕێ.

 

بەڵام کازمى پێش سەردانەکەى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسى ئەسۆشێتیدپرێس جەختیکردەوە، کە ئەو رۆڵى پۆستەچى نابینێت لەنێوان تاران و واشنتۆندا، ئەوەش لە وەڵامى پرسیارێکدا لەبارەى ئەوەى ئایا لەسەردانەکەیدا نامەى ئێران دەگەیەنێتە ئەریکا یاخود نا.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی كە دزەیانكردووەتە ناو میدیا ناوخۆییەكانەوە، كارنامەی شاندی عێراقی بۆ سەردانە ئاشكرا كراوە، كە سەرەتا شاندەكە پشكینینی ڤایرۆسی كۆرۆنایان بۆ دەكرێت و سبەینێ كاتژمێر دوانزەی نیوەڕۆ بەكاتی واشنتۆن دیداری كازمی و ترەمپ لە كۆشكی سپی دەستپێدەكات.



بەپێی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمریکى، ئەگەری ئەوە هەیە گرێبەستێك واژوو بكرێت بۆ ئەوەی كۆمپانیای شیفرۆنی ئەمریكی مافی وەبەرهێنانی لەكێڵگەیەكی نەوتی ناسڕییەدا هەبێت كە زیاتر لە چوار ملیار و چوار ملیۆن بەرمیلی تێدایە.



ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، لە سەردانەكەدا ڕێكکەوتنێك لەسەر گازی سروشتی لەگەڵ كۆمپانیای هانیویڵی نێودەوڵەتی و ستیلەر ئینێرجیدا واژوو دەكرێت.



ڕۆژنامە ئەمریكیەكە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، مستەفا كازمی سوورە لەسەر واژۆكردنی چەند ڕێكەوتنێكی كاتی لەگەڵ ژمارەیەك كۆمپانیای ئەمریكیدا كە یارمەتی كەرتی وزە لەعێراق بدەن بۆ ئەوەی چیتر پشت نەبەستن بە گازی ئێرانی، ئەوەش ئەو خواستەیە كە بەردەوام ئیدارەی ئەمریكی هەوڵی بەدیهێنانی دەدات.

عێراق ساڵانێکى درێژە پشت بە ئێران دەبەستێت بۆ دابینکردنرى کارەبا و گازى سروشتى، لەکاتێکدا نزیکەى نیوەى ئەو گازە سروشتییەکەى خۆى بە فیڕۆ دەڕوات کە لە کێڵگەکانەوە دەردەچێت. ئەمریکاش تا ئێستا چەند جارێک رێگەپێدانى بۆ عێراق درێژکردووەتەوە بۆ هاوردەکردنى کارەبا و گاز لە ئێران سەرەڕاى ئەو سزایانەى بەسەر تاراندا سەپاندوویەتى.

 

بەپێی رۆژنامەکە، چاودێران وای دەبینن، كازمی لەپشتی ئەو ڕێكەوتنانە لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكیەكاندا هەوڵی كەمكردنەوەی فشارەكان دەدات كە چاوەڕوان دەكات واشنتۆن لەسەر دۆسیەكانی پەیوەست بەئێرانەوە لەسەری دروستبكات، بەتایبەت کە بەئامانجگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا و چەند بنكەیەكی سەربازی لەعێراق لەبەئامانج گرتنیان لەلایەن میلیشیا چەكدارەكانەوە بەردەوامە.



جوڵەکانى کازمى بەو ئاڕاستەیە ڕێكەوتنەكەی عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ كۆمپانیای ئەكسۆن مۆبیلی ئەمریكیدا بیردەهێنێتەوە كە بۆ وەبەرهێنان لەكێڵگەیەكی نەوتی زەبەلاحی عێراقدیدا كردی بەبڕی 50 ملیار دۆلار بۆ ماوەی 30 ساڵ.

 

عەبدولمەهدی ئەو ڕێكەوتنەی پیش بەرنامەی سەردانێكی بۆ واشنتۆن واژوو كرد ئەوەش بەمەبەستی ئامادەسازی پێش سەردانەكەی بۆ دیداری تڕەمپ و بەرپرسانی دیكەی ئەمریكا لەهاوینی ساڵی ڕابردوودا بەڵام دواتر لەلایەن ئەمریكاوە سەردانەكەی هەڵوەشێنرایەوە.



لای خۆشیەوە، پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی فەتح لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، دەبێت هەر ڕێكەوتنێكی ئابووری لەگەڵ ئەمریكادا رەچاوى کڕێڤی سەروەرییەكانی وڵاتەكەیانی تێدا بکرێت و كۆشكی سپییش هەوڵدەدات ئەوپەڕی فشارەكان بۆ سەر ئێران لەڕێگەی عێراقەوە بەكاربهێنیت بەگرتنەبەری ڕێو شوێنە ئابوورییەكانیشەوە.