گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چۆن مۆڵەت وەردەگرن؟

غەسالەکانی کەلار ئاوی سیروانیان پیس و خەڵکی ناوچەکەشیان توڕە کردووە

2020.08.18 - 22:01
غەسالەکانی کەلار ئاوی سیروانیان پیس و خەڵکی ناوچەکەشیان توڕە کردووە

ناس کورد- شەهرام عەزیز

لەدوای ڕاگەیاندنی کەمپینێک بۆ لابردنی غەسالەکانی سەر ڕووباری سیروان و کردنی بەناوچەیەکی گەشتیاری، پرسەکە دەگەیەنرێتە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سنورەکەش دەڵێت، پڕۆژەیان ئامادەیە بەڵام هیچ کەس ئامادە نییە پڕۆژەی گەشتیاری لەو ناوچەیە ئەنجامبدات.

 

چالاکوانانی سنورەکە دەڵێن، غەسالەکان سودی مادیان بۆ چەند کەسێک هەیە، بەڵام پڕۆژەی گەشتیاری سودێکی گشتیی هەیە، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان پێیوایە دەکرێت لە پاڵ غەسالەکانیش پڕۆژەی گەشتیاری بکرێت و هەردووکیان گرنگن، چۆنێتی پێدانی مۆڵەتیش بە غەسالەکانیش ئاشکرادەکات.

 

ماوەی چەند ڕۆژێکە کەمپینێک بۆ لابردنی غەسالەکانی دەرهێنانی چەو و لم لەسەر ڕووباری سیروان لەلایەن بەشێک لە چالاکوانانی سنورەکەوە ڕاگەیەندراوە و داوادەکەن، غەسالەکان لاببرێن و ناوچەکە بکرێتە ناوچەیەکی گەشتیاری.

 

محەمەد شێخ وەهاب کە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە و خۆی خەڵکی سنوری گەرمیانە، نوسراوێکی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کردووە و داوای کردووە، کۆبوونەوەیەک لەوبارەیەوە ئەنجامبدرێت و هەوڵبدەن ئەو غەسالانە لاببەن.

 

پرسەکە دەبرێتە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

 ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەو غەسالانە سودیان بۆ چەند کەسێکی دیاریکراوە هەیە، بەڵام ئەگەر ناوچەکە بکرێتە شوێنێکی گەشتیاری، ئەوا ژمارەیەک هەلی کاری زۆر بۆ هاوڵاتیانی سنورەکە دەڕەخسێت، نەک تەنها چەند کەسێک سودمەندبن لێی."

me_ga.php?id=753

وتیشی: "سەر ڕووباری سیروان ناوچەیەکی زۆر فراوانە و ئەگەر بکرێتە ناوچەیەکی گەشتیاری ئەوا هەم بۆ هاوڵاتیانی ناوچەکە گرنگە و هەم بۆ هاوڵاتیانی خواری عێراق کە دەبێتە سەرچاوەی داهاتێکی گرنگیش بۆ سنورەکە."

 

محەمەد شێخ وەها جەختیشیکردەوە: "ڕاستە تائێستا بەوشێوەیە بووە، بەڵام ئێستاش درەنگ نییە و هەموو هەوڵێک دەدەین لە ئەو غەسالانە لاببرێن و ناوچەکە بکرێتە شوێنێکی گەشتیاری."

 

"هیچ کەس ئامادە نییە پڕۆژەی گەشتیاری لە ناوچەکە بکات"

 لەبارەی گرفتەکەوە بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری گەرمیان دەڵێت، ناوچەکە سنورێکی فراوانی هەیە و پڕۆژەی گەشتوگوزاریان بۆ سەرمایەداران خستووەتەڕوو، بەڵام هیچ کەس ئامادەنەبووە کاری تێدا بکات.

 

بەرهەم عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری گەرمیان بەناس کوردی وت: "ئێمە پێشتر چەندین جار داوامان کردووە کە ئەو غەسالانە لاببرێن و دیمەنێکی ناشرینیان بە ناوچەکە بەخشیوە، بەڵام مۆڵەتدان بە غەسالەکان لای ئێمە نییە."

me_ga.php?id=754

وتیشی: "لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە 400 دۆنم زەوی هەن کە ئامادەن بۆ ئەوەی پڕۆژەی گەشتوگوزاریان لەسەر دروست بکرێت و پڕۆژەکانیش ئامادەن، ئێمە چەندین جار خستومانەتەڕوو، بەڵام تائێستا هیچ کەس داوای پێشکەش نەکردووین بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە."

 

ڕونیشیکردەوە: "قەیرانی دارایی و شەڕی داعش لەناوچەکە لەچەند ساڵی ڕابردوودا هۆکاربوون بۆ ئەوەی کەس نەیەوێت پڕۆژە لە سنورەکە ئەنجامدات."

 

"مانەوەی غەسالەکان لەپاڵ دروستکردنی پڕۆژەی گەشتیاری گرنگن"

 

بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان ڕەتیدەکاتەوە تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بە فەرمی داوای لابردنی غەسالەکانی لێکردبن، دەشڵێت، بوونی غەسالەکان گرنگن بۆ ناوچەکە و دەکرێت لەپاڵ ئەوەدا پڕۆژەی گەشتیاریش هەبێت.

 

یادگار فەتاح، بەڕێوبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان بە ناس کوردی وت: "لەم پرسەدا خەڵک بەهەڵە تێگەیشتوون وادەزانن بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئێمە بەرپرسە، بەڵام پێدانی مۆڵەت بە کانەکانی دەرهێنانی چەو و لم بەدەست ئێمە نییە و لیژنەیەک هەیە بۆ ئەو مەبەستە کە ئێمە ئەندامین تێیدا، واتە بۆ وەرگرتنی مۆڵەت بۆ کانێک پێویستە نزیکەی 10 بەڕێوەبەرایەتیی ڕەزامەند بن."

 

بەوتەی یادگار فەتاح، نزیکەی 30 کان لەسنورەکە هەن، بەڵام ئێستا بەهۆی قەیرانی داراییەوە بەشێکیان داخراون و کارناکەن و کەمتر لە 20 کانیان لەئێستادا کاردەکەن.

 

بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان وتیشی: "لەڕاستیدا بوونی ئەو کانانە گرنگن بۆ سنورەکە و سەرجەم هەرێمی کوردستانیش، چونکە سەرچاوەی چەو و لمی گەرمیان و پارێزگاکانی دیکەشن، ئەگەر ئەوانە دابخرێن ئەوا نرخی چەو و لم بەرزدەبێتەوە."

 

ڕونیشیکردەوە: "بەڵام زۆر گرنگە کە کارەکانیان ڕیکبخرێتەوە و هەموو بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان بەو پرسە بە کارەکانی خۆیان هەستن و چاودێری کارەکانیان بکەن، بۆ نمونە کاتێک خاوەنی کانێک دار دەبڕێتەوە، بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگە و دارستانی سنورەکە بەدواداچوون بکەن و سزای کەسەکە بدەن."

 

ئەو بەرپرسەی سنوری ئیدارەی گەرمیان جەختیشیکردەوە، دەکرێت لەپاڵ بوونی ئەو کانانەدا پڕۆژەی گەشتیاریش دروست بکرێت، چونکە کانەکان دوورن لەسەر ڕووبارەکەوەو هیچ کامیان 500 مەتر کەمتر لەسەر ڕووبارەکەوە دوور نین.

 

هەر بەگوێرەی مەرجەکانی مۆڵەت، هەر غەسالەیەک کە مۆڵەتی پێدەدرێت، پێویستە دوو هەزار نەمام بچێنێت، بەڵام ناس کورد زانیویەتی کە خاوەن غەسالەکان بەو مەرجەوە پابەند نابن و لێپرسینەوەشیان لەگەڵ ناکرێت.

me_ga.php?id=755

لە پەرلەمانەو پشتگیری کەمپینەکە دەکرێت

لیژنه‌ى شاره‌وانى وگواستنەوەو گەیاندن و گەشت و گوزار پشتگیری کەمپینەکە دەکات و سەرۆکی لیژنەکە دەڵێت، لەگەڵ شارەوانی گەرمیان گفتوگۆ دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو پرسە.

 

لوقمان وەردی، سەرۆکی لیژنەی شاره‌وانى وگواستنەوەو گەیاندن و گەشت و گوزار بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئێمە بەهەموو شێوەیەک پشتگیری داوای هاووڵاتیانی سنورەکە دەکەین لەو کەمپینەدا، بەڵام هەموو کارێک بەڕێکاری خۆی دەکرێت و پێویستە گفتوگۆ لەوبارەیەوە بکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک."

 

وتیشی: "بوونی ئەو غەسالانە ئەگەرچی لەزۆر ناوچەی دیکەش هەن و ئەو بەرهەمانەش پێویستن، بەڵام زیانێکی زۆر بەژینگەی ناوچەکە دەگەیەنن و دەبنەهۆی لەناوبردنی ماسی نێو ئاوەکەش و دیمەنێکی ناشرینیش دروست دەکەن."

 

لوقمان وەردی ئاماژەی بەوەشكرد: "بێگومان ئەو ناوچەیە بۆ پڕۆژەی گەشتیاری گونجاوە کە هەم خزمەتی هاووڵاتیانی سنورەکە دەکات بۆ کات بەسەربردن و هەمیش لەڕووی داهات و هەلی کارەوە گرنگە، بۆیە ئێمە لەوبارەیەوە بەدواداچوون دەکەین."