گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای ڕونکردنەوە دەکات

سەدرییەکان توڕەن لە ناردنی پارە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێم

2020.08.18 - 20:17
سەدرییەکان توڕەن لە ناردنی پارە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێم

ناس کورد-

جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە لە هاوپەیمانی سائیرونی سەدرییەکانە سەرسورمانی خۆی لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دەربڕی، داواشی لە حکومەتەکەی کازمی کرد ئەو پاڵنەر و بڕگە یاسایانە ئاشکرا بکات کە پارەکەى پێ ناردووە بۆ هەرێم.

 

ئەمڕۆ سێشەممە، 18ی ئابی 2020، حەسەن کەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا داوای لە حکومەتەکەی مستەفا کازمی کرد لە ئاست بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و یاسایی خۆی بێت بەرانبەر بە گەلی عێراق.

 

ئاماژەی بەوەکردووە، "لە ساڵی 2019 حکومەتی عێراق دوچاری ئاڵنگارییەکی زۆر بووەتەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا وهەولێر گفتۆگۆی زۆر کرا بۆ ئەوەی هەرێم نەوت ڕادەستی حکومەتی ناوەندی بکات، بەڵام گفتۆگۆکان ئەنجامیان نەبوو".

 

جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرسورمانی خۆشی نیشانداوە لە ناردی بڕی 320 ملیار دینار بۆ حکومەتی هەرێم بەبێ ئەوەی حکومەتی ناوەندی هیچ داهاتێکی دەروازە سنورییەکان، فرۆکەخانەکان، داهاتی ناوخۆ و داهاتی نەوت لەلایەن هەولێرەوە ڕادەستی بکرێت.

 

کەعبی باسلەوەشکردووە، " فەرمانگەی تەندروستیی پارێزگای زیقار داوای لە ئەنجومەنی وەزیران کردبووە بڕی 50 ملیار دیناری بۆ خەرجبکرێت بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شارەکە، بەڵام حکومەت بەبیانووی ئەوەی مایەپوچبوون و نەبوونی پارە داواکەیان ڕەتکردووەتەوە".

 

دەشڵێت: "ئێستا من دەپرسم لەم دۆخە نالەبارەدا کە وڵاتی پێیدا گوزەر دەکات و حکومەت توانای ئەوەی نییە پارەی پەڕاو بۆ فەرمانگەکانی دابین بکات لە پارێزگانی دیکەی ناوەڕاست و باشوری عێراق بەچ مافێک ئەو پارەیەی بۆ هەرێم ناردووە و لەژێر چ بڕگەیەکی یاساییدا ئەو کاری کردووە".  

 

دوێنێ، دووشەممە 17ی ئابی، 2020 وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بە ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و پابەندیی خۆی بەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.

 

 ئاماژەی بەوەکرد ، "وەزارەتی دارایی عێراق جەخت لە پابەندبوون بە ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی بۆ چاکسازیی ئابوری و دارایی دەکاتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا پابەندیی خۆی بەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتدەکاتەوە".

 

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق، لە 15ی ئابدا ڕێککەوتنێکی حەوت خاڵی لەنێوان هەردوولا کراوە و بەو پێییەش وەزارەتی دارایی پەیوەستکراوە بە ناردنی 320 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان کە تایبەتە بە مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

 

باس لەوەشکراوە، ئەو ڕێککەوتنە کاتییە و هەردوولا پەیوەستن بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێکەوتنەکە لە ماوەی 30 ڕۆژدا کە پەیوەندییان بە داهاتی نەوت و پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە ڕێککەوتنی ئۆپێک پڵەسەوە هەیە.