گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی کۆبوونەوەکەى ماڵى حەلبوسى

پەرلەمان کۆبوونەوەکانى بۆ یەکلاکردنەوەى بازنەکانى هەڵبژاردن دەستپێدەکاتەوە

2020.08.18 - 14:56
پەرلەمان کۆبوونەوەکانى بۆ یەکلاکردنەوەى بازنەکانى هەڵبژاردن دەستپێدەکاتەوە

ناس کورد-

ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق پێشبینیدەکات هەفتەى داهاتوو پەرلەمان کۆبوونەوەکانى دەستپێبکاتەوە، بۆ تەواوکردنى یاساى هەڵبژاردنەکان.

 

ئەحمەد کنانى ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە هاوپەیمانى فەتح بە میدیاى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە "چەند رۆژێک لەمەوبەر کۆبوونەوەیەک لەماڵى محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمان ئەنجامدراوە، بەبەشدارى سەرۆکى کوتلەکان و ژمارەیەک لە شارەزا و راوێژکاران بۆ تاوتوێکردنى پرسی بازنەکانى هەڵبژاردن".

 

وتیشى"رێککەوتن کراوە کە پێش بەستنى کۆبوونەوەى پەرلەمان پرسی بازنەکانى هەڵبژاردن یەکلایی بکرێتەوە".

 

ئەحمەد کنانى جەختیکردووەتەوە، خواستى شەقام ئەوەیە یاساى هەڵبژاردنەکان تەواو بکرێت و رەوانەى سەرۆکایەتى کۆمار بکرێت بۆ پەسەندکردنى.

 

ئەوە لەکاتێکدایە لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق پێشتر ئاماژەى بەوەکردبوو، چاوەڕوانى کۆبوونەوەیەکى راوێژکارییە لەبارەى بازنەکانى هەڵبژاردنەوە و هێشتا پەرلەمان وادەى دانیشتنى لەو بارەیەوە دیاری نەکردووە.

 

پرسی بازنەکانى هەڵبژاردن چەندین مانگە بە هەڵپەسێردراوى هێڵراوەتەوە، بەهۆى ناکۆکى لایەنەکان لەو بارەیەوە، سەرەڕاى پەسەندکردنى یاساى هەڵبژاردنەکان لەلایەن پەرلەمانەوە لە24ی کانوونی دووەمی 2019.

 

ناکۆکییەکان لەسەر چۆنیەتى دابەشکردنى بازنەکانى هەڵبژاردن بووەتە بەربەستێکى گەورە لەبەردەم تەواوکردنى یاساکە، کە بە چوارچێوەیەکى یاسایی دادەنرێت بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن.  

 

زۆرینەى کوتلە سیاسییەکان کۆتایی ساڵى ڕابردوو لەژێر فشارى شەقامى ناڕازیدا دەنگیان بەیاساکەدا، بەڵام دواتر لەکاتى گفتوگۆکان لەسەر چۆنیەتى دابەشکردنى بازنەکانى هەڵبژاردن هەڵوێستەکانیان گۆڕانى بەسەردا هات و ناکۆکى لەنێوانیان سەریهەڵدا.  

  

ناکۆکییەکان لەو بارەیەوە یاساکەى بە هەڵپەسێردراوى هێشتووەتەوە تا ئێستا، لەکاتێکدا مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران شەشى حوزەیرانى ساڵى داهاتووى وەک وادەى هەڵبژاردنى پێشوەختە دیاریکردووە.  

 

کوتلە سیاسییەکان لەئێستادا بەسەر چەند بۆچونێکدا دابەشبوون لەبارەى بازنەکانى هەڵبژاردنەوە، هەندێک دەیانەوێت عێراق یەک بازنە بێت و هەڵبژاردن بە لیستى داخراوبێت، هەندێ کوتلەى دیکە دەیانەوێت بازنەکان لەسەر ئاستى پارێزگاکان بێت وەکو پێشوو، هەندێکى دیکەش دەیانەوێت لەسەر ئاستى قەزاکان بێت، کوتلەکانى دیکەش دەیانەوێت لەسەر ئاستى بازنەى تاکە کەسى بێت واتە 328 بازنەى هەڵبژاردن.