گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دواى تەرخانکردنى چوار ملیار دینار لەلایەن حکومەتەوە

ئاوى سلێمانى: 40 هەزار مەتر سێجا ئاو لە رۆژێکدا زیاد دەکات

2020.08.18 - 14:34
App store icon Play store icon Play store icon
ئاوى سلێمانى: 40 هەزار مەتر سێجا ئاو لە رۆژێکدا زیاد دەکات

ناس کورد-

بەڕێوەبەرایەتى ئاوى سلێمانى ڕایگەیاند، بەو بودجەیەى لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە تەرخانکراوە بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کەمئاوى پارێزگاکە، 40 هەزار مەتر سێجا ئاو لە ڕۆژێکدا زیاد دەکات.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

 

ئەمڕۆ (سێشەممە) حکومەتى هەرێم زیاتر لە چوار ملیار دینارى بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کەمئاوى سلێمانى و چەمچەماڵ تەرخانکرد، کە بەردەوام روبەڕووى کێشەى کەمئاوى دەبنەوە بەهۆى شکانى بۆرییەکانەوە.

 

ئامانج جەلال، بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندنى ئاوى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند "ئەو بڕە پارەیە بۆ کڕینى پەمپ و ترومپا بەکاردەهێنرێت بۆ هێڵى یەکەمى ئاوى سلێمانى - دوکان".

 

وتیشى "بەو پێیە تا بڕى 40 هەزار مەتر سێجا ئاو لە رۆژێکدا زیاد دەکات، ئەوەش سودى دەبێت بۆ دانیشتوانى سلێمانى و ناوچەکانى دەوروبەرى".

 

بەپێی ئامارەکانى بەڕێوەبەرایەتى ئاوى سلێمانى، رۆژانە سلێمانى و دەوربەرى پێویستیان بە (450) هەزار مەتر سێجا ئاوە، بەڵام لەئێستادا بڕێکى کەمتر لەوە بەرهەمدەهێنرێت بۆیە بەشێک لە گەڕەکەکان و ناوچەکانى دەوروبەرى سلێمانى روبەڕووى کێشەى کەمى ئاو بوونەتەوە.

 

کێشەى کەمى ئاو ساڵانە لە وەرزى هاویندا زیاتر سەرهەڵدەدات، کاتێک خواست لەسەر بەکارهێنانى ئاو بەرزدەبێتەوە، ئەوەش بەهۆى شکانى بەشێک لە بۆرییەکانى گواستنەوەى ئاوەوە.

 

ئامانج جەلال باسى لەوەکرد، ئەو بڕە پارەیە کێشەى ئاو بنەبڕ ناکات، بەڵکو دەبێتە هۆى ئەوەى بەشێک لە کێشەکان چارەسەر بێت.

 

لە ئێستادا دابینکردنى ئاو بۆ سلێمانى و دەوروبەرى لە سێ رێگەیەوەیە، هێڵى یەکەمى ئاوى دوکان- سلێمانى، هێڵى دووەمى ئاوى دوکان- سلێمانى، پڕۆژەى ئاوى سەرچنار.