گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کام تەمەنانە دەگرێتەوە و کەى پەسەند دەکرێت؟

وردەکاریی پڕۆژەى خزمەتى سەربازى ناچارى لە عێراق

2020.08.18 - 09:37
وردەکاریی پڕۆژەى خزمەتى سەربازى ناچارى لە عێراق

ناس کورد-

لیژنەى ئاسایش و بەرگرى پەرلەمانى عێراق جەختدەکاتەوە کە هەوڵى چڕ هەیە بۆ تێپەڕاندنى یاساى خزمەتى سەربازى ناچارى، لەکاتێکدا حکومەت رەتیدەکاتەوە تاوتوێی ئەو پرسەى کردبێت.

 

خزمەتى سەربازى ناچارى لە عێراق لەدواى ساڵى 2003 ەوە وەستاوە، ئەوەش دواى بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى سوپا، بەڵام لەئیستادا هەوڵێک لە پەرلەمان هەیە بۆ دوبارە زیندوکردنەوەى لە رێگەى پەسەندکردنى پڕۆژە یاساکەیەوە.

 

بەدر زیادى، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى پەرلەمانى عێراق بە رۆژنامەى سەباح جەدیدى عێراقى ڕاگەیاندووە "پڕۆژە یاسای خزمەتى سەربازى ناچارى ماوەیەکە ئامادەکراوە و هەندێ گفتوگۆى لەسەر کراوە لە پەرلەمان بۆ گەیشتن بە داڕشتنى کۆتایی و ئامادەکردنى بۆ دەنگدان لەسەرى".

 

وتیشى "پڕۆژەکە لەلایەن لیژنەکەى ئێمەوە ئامادەکراوە وەک یەکێک لە ئەولەویەتى کارەکانمان، پێدەچێت لەکۆبوونەوەکانى پەرلەماندا کە پێدەچێت مانگى داهاتوو ببەسترێن بخرێتە دەنگدانەوە".

 

بەگوێرەى پڕۆژە یاساکە، بەسەربازیگرتنى ناچارى سەرجەم ئەو تەمەنانە دەگرێتەوە کە لەدواى ساڵى 2003 و روخانى رژێمى سەدام حوسەینەوە نەخراونەتە بەر خزمەتى ناچارى.

 

بەوتەى زیادى، دواى دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساکە، لە ناوەڕاستى ساڵى داهاتوودا دەخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، لەپڕۆژەکەدا دادپەروەرى هێنراوەتە ئاراوە و بەگوێرەى بڕوانامە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکرێت کە خزمەتى ناچارى دەیانگرێتەوە.

 

دەشڵێت لیژنەکەیان کۆبوونەوەى چڕ دەکات لەچەند رۆژى داهاتوودا بۆ ئامادەکردنى رەشنوسى کۆتایی پڕۆژەکە، پێش ئەوەى رەوانەى پەرلەمانى بکات بەمەبەستى پەسەندکردنى.

 

قسەکانى ئەو ئەندامەى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى پەرلەمانى عێراق لەکاتێکدایە، دوێنێ ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، وتەبێژى حکومەتى عێراق رەتیکردەوە ئەو پرسە لەکۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا گفتوگۆى لەسەر کرابێت.

 

بەڵام کاتع روکابى ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى پەرلەمانى عێراق دەڵێت، حکومەت لەم دوو ساڵەى دوایدا کاریکردووە بۆ دروستکردنى دامەزراوەى تایبەت بە مەشق و راهێنان، وەک ئامادەکارییەک بۆ جێبەجێکردنى یاساکە دواى پەسەندکردنى لەلایەن پەرلەمانەوە.

 

وتیشى "لیژنەکەمان بەشێوەیەکى نوێ تاوتوێی پڕۆژەکە دەکات تا لەگەڵ بارودۆخى ئێستا بگونجێت، لەگەڵ بوونى خواستێکى راستەقینە بۆ گەڕانەوەى خزمەتى ناچارى".