گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرباری بەرزبوونەوەى نرخەکە.. داهاتی نەوتی هەرێم کەمیکردووە

بەپێی داهاتی بەردەستی حکومەت دەبوو لێبڕینی موچە 18% بێت نەک 21% (تایبەت)

2020.08.17 - 23:37
App store icon Play store icon Play store icon
بەپێی داهاتی بەردەستی حکومەت دەبوو لێبڕینی موچە 18% بێت نەک 21% (تایبەت)

ناس کورد-

لێبڕینى ڕێژەى 21%ى موچەى فەرمانبەران لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە لەکاتى دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران لەم مانگەدا، ڕێژەیەکە زیاترە لەو داهاتەى کە وەزارەتی دارایی دەڵێت لەبەردەستیایەتى بۆ دابەشکردنى موچە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لێبڕینی 18.5% یان 21%

بەپێی بەدواداچوونى ناس کورد و بەپشبەستن بە ئامارەکانى وەزارەتى دارایی دەردەکەوێت، بۆ ئەم مانگە ئەو داهاتەى لەبەردەست وەزارەتى داراییدایە، 18.5% کەمترە لەو بڕەى پێویستە بۆ دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران، نەک 21% کە حکومەت بریاریداوە لە موچەى فەرمانبەرانى ببڕێت.

 

زیاتر بخوێنەوە: دارایی هەرێم هۆکاری لێبڕینی 21%ی موچەى ئاشکرا کرد

دواى نزیکەى دوو مانگ لە دابەشنەکردنى موچەى فەرمانبەران، حکومەتى هەرێم ئەمڕۆ بڕیاریدا دەست بە دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران بکات بەپێی ئەو داهاتەى لەبەردەستیدایە، ئەوەش دواى دوو رۆژ هات لە رێککەوتنى لەگەڵ بەغدا کە لەرێگەیەوە هەرێم 320 ملیار دینارى دەستدەکەوێت.

 

پێشتر سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنى وەزیران بۆ ناس کوردى ئاشکراکردبوو، بڕیاردراوە وەک مانگى پێشوو بە لێبڕینى 21% موچەى فەرمانبەران دابەشبکرێت.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوێکى وەزارەتى دارایی، کۆى ئەو داهاتەى بەردەستە بۆ دابەشکردنى موچە 730 ملیار دینارە، لەکاتێکدا کۆى ئەو پارەیەى پێویستە بۆ موچەى مانگێکى فەرمانبەران 895 ملیار دینارە.

 

بەلێکدانەوەى ئەو داهاتە دەردەکەوێت، ئەو داهاتەى ئێستا وەزارەتى دارایی لەبەردەستیەتى 18.5% کەمترە لەو داهاتەى لەمانگى حوزەیراندا لەبەردەستى بوو بۆ دابەشکردنى موچە، لەکاتێکدا بڕیارە موچە بە لێبڕینى 21% دابەشبکرێت.

 

بەرپرسانى وەزارەتى دارایی تا ئێستا هیچ رونکردنەوەیەکیان لەو بارەیەوە نەداوە، بەڵام ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایی لە حوزەیرانى ئەمساڵدا و دواى بڕیارەکەى حکومەت بۆ بڕینى 21%ى موچەى فەرمانبەران جەختیکردەوە، کە لەکۆى پێنج بژاردە حکومەت ئەو بژاردەیەى هەڵبژاردووە و دیاریکردنى ئەو رێژەیەش بەهۆى ئەوەوە بووە کە پارەى پێویستیان لەبەردەستدا نەبووە بۆ دابەشکردنى موچە.

 

بەردەوامیدان بە دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران بە لێبڕینەوە لەکاتێکدایە، حکومەتى هەرێم لەکاتى ڕاگەیاندنى بڕیارى لێبڕینى 21%ى موچە لەحوزەیرانى ئەمساڵدا جەختیکردبووەوە کە بڕیارەکە تەنها بۆ دابەشکردنى موچەى مانگى شوباتە، بەڵام ئێستا بۆ موچەى مانگى ئازاریش پشتى پێدەبەستێت.

 

داهاتى نەوت کەمیکردووە

حکومەتى هەرێم بۆ دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران لەم مانگەدا پشتى بەچوار سەرچاوە بەستووە، کە یەکێکیان داهاتى فرۆشتنى نەوتە کە بەشێکى لەلایەن وەزارەتى سامانە سروشتییەکانەوە رادەستى وەزارەتى دارایی دەکرێت.

 

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى دارایی، ئەو داهاتەى لەلایەن وەزارەتى سامانە سروشتییەکانەوە رادەستیانکراوە 270 ملیار دینار بووە، لەکاتێکدا پێشتر 354 ملیار دینار بووە، واتە بڕى 84 ملیار دینار کەمیکردووە.

 

تا ئێستا دیار نییە هۆکارى دابەزینى داهاتەکە چییە لە حوزەیرانى ڕابردووەوە تا ئێستا، بەتایبەت کە نرخى نەوت ماوەى چەند مانگێکە رووى لەبەرزبوونەوە کردووە.

 

دابەزینى داهاتى نەوتى هەرێم لەکاتێکدایە، داهاتى نەوتى عێراق لەمانگى ڕابردوودا بەرزبوونەوەى بەخۆوە بینیوە، سەرەڕاى کەمبوونەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت و هەناردەکردنى بەپێی رێککەوتنى ئۆپیک پڵەس، ئەوەش بەپێی ڕاگەیەنراوێکى وەزارەتەکە کە سەرەتاى ئەم مانگە بڵاویکردەوە.