گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وتەبێژى قوباد تاڵەبانى باسى ’’رێککەوتنى درێژخایەن’’ دەکات

هەرێم نیوەى داهاتى خاڵە سنورییەکان دەداتە بەغدا

2020.08.17 - 20:58
هەرێم نیوەى داهاتى خاڵە سنورییەکان دەداتە بەغدا

ناس کورد-

وتەبێژى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند، هەرێم 50%ى داهاتى خاڵە سنورییەکان ڕادەستى بەغدا دەکات و گفتوگۆکانیش بەردەوام دەبن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنى درێژخایەن.

 

ناوەڕاستى ئەم مانگە، هەردوو سەرۆک وەزیرانى عێراق و هەرێم لەسەر رێککەوتنى نێوان هەردوو حکومەت رێککەوتن، بەجۆرێک بەغدا مانگانە 320 ملیار دینار رەوانەى هەرێم بکات و فەرمانبەرانى دیوانى چاودێرى دارایی عێراق رەوانەى خاڵە سنورییەکانى هەرێم بکرێن.

 

سەمیر هەورامى، وتەبێژى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم بە میدیاى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە، "رێککەوتنەکە رادەستکردنى 320 ملیار دینارى مانگانە لەخۆدەگرێت لەلایەن بەغداوە بە هەرێم، لەبەرانبەر رادەستکردنى 50 %ى داهاتى خاڵە سنورییەکان لەلایەن هەرێمەوە بەبەغدا".



وتیشى، "گفتوگۆکان بەردەوام دەبن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنى درێژخایەن لەپێناو جێگیرکردنى شایستە داراراییەکانى هەرێمى کوردستان لە بودجەى 2021".

 

سەمیر هەورامى پێشبینیکرد کێشە داراییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا ساڵى داهاتوو چارەسەربکرێن، بەتایبەتى کە جدییەت لەهەردولاوە هەیە بۆ کۆتایی هێنان بەسەرجەم کێشەکان.

 

رێککەوتنەکەى نێوان هەرێم و بەغدا کە دواى چەند رۆژێک هات لە گرژبوونەوەى پەیوەندییەکانیان و تۆمەتبارکردنى یەکترى بەوەى هۆکارى نەگەیشتنن بە رێککەوتن، لە حەوت خاڵ پێکهاتووە و بە رێککەوتنێکى کاتى دادەنرێت تا ئەوکاتەى هەردوولا دەگەنە رێککەوتنى کۆتایی و لەبودجەى ساڵى داهاتوو جێگیردەکرێت.