گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەدوای ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێم

ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق: ئێستا سەرجەم دەروازە سنورییەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی سوپادان

2020.08.17 - 18:29
ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق: ئێستا سەرجەم دەروازە سنورییەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی سوپادان

ناس کورد-

ئۆپڕاسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند، لە ئێستادا هەموو دەروازە سنورییەکان کەوتوونەتە ژێررکیفی سوپاوە و داهاتی دەروازەکان بەبڕی زیاتر لە 500 ملیار دینار لەمانگێکدا زیادکردووە.

 

ئەمڕۆ دووشەممە، 17ی ئابی 2020، فەرماندەیی ئۆپڕاسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، بە ئامادەبوونی عەبدولئەمیر شەمەری، جێگری فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق وعومەر وائیلی، سەرۆکی دەستی دەروازە سنورییەکانی وفەرماندەی هێزی دەریایی و چەند فەرماندەیەکی سەربازی دیکەى سوپای عێراق کۆبوونەتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی دەروازە سنورییەکانی دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەیان لەلایەن حکومەتەوە.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکان لەکۆبوونەوەکەدا جەختیلەوەکردووەتەوە، "ڕێکارەکانی حکومەت داهاتی دەروازە سنورییەکانی بەبڕی زیاتر لە 500 ملیار دینار لە مانگیدا زیادکردووە، لەهەمانکاتیشدا بووەتە هۆکاری ڕاگرتنی بە هەدەردانی سامانی گشتی بەجۆرێک لە ماوەی ئەو مانگەدا زیاترلە هەزار سەرپێچی جۆراوجۆردیاری کراوە".

 

هەر بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی فەرماندەیی ئۆپڕاسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، بڕیاردراوە دۆخی ئەمنی لە دەروازە سنورییەکان زیاتر بایەخی پێبدرێت و کاریش بکرێت بۆ کردنەوەی ئەو دەروازە سنوریانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا داخراون.

 

لەسەرەتاى مانگى ڕابردوودا و بەفەرمانى مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران هەڵمەتى کۆنترۆڵکردنەوەى دەروازە سنورییەکان لەلایەن سوپاوە دەستیپێکرد، ئەوەش بە ئامانجى دورخستنەوەى دەستى گروپە چەکدارەکان و بنەبڕکردنى گەندەڵى و فەراهەمکردنى داهات بۆ خەزێنەى گشتى وڵات کە بەهۆى دابەزینى نرخى نەوتەوە رووى لە دابەزینى بەرچاو کردووە.


ڕۆژی 15ی ئابی، هەرێم و بەغدا ڕێککەوتن لەسەر بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێم بە هەمان ڕێکار و میکانیزمی حکومەتى عێراق و تیمێکی هونەری هاوبەشیش ڕەوانەى دەروازەکان دەکرێن.