گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’هاووڵاتیان هەرێمیان گەیاندە ئەم دۆخە مەترسیدارەی ئێستا’

حکومەتی هەرێم: لەمەودا موچە بەپێی داهات دەبێت و پێویستە لەکاتی گونجاودا دابەش بکرێت

2020.08.17 - 15:27
App store icon Play store icon Play store icon
حکومەتی هەرێم: لەمەودا موچە بەپێی داهات دەبێت و پێویستە لەکاتی گونجاودا دابەش بکرێت

ناس کورد-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لەمەودوا ھەموو مانگێک ڕێژەی مووچە بە پێی داھات دەبێت و پێویستە لەکاتی گونجاو دابەشبکرێت، سەبارەت بەدۆخی کۆرۆناش دەڵێت، حکومەت ڤایرۆسەکەی کۆنتڕۆڵ کرد، بەڵام پابەندنەبوونی هاووڵاتیان دۆخەکەی گەیاندە ئەو ئاستە مەترسیدارەی ئەمڕۆ.  

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ئەمڕۆ (دووشەممە، 17ی ئابی 2020)، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و میکانیزمی دابەشکردنی مووچە تاوتوێ کرا.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنی وەزیران، سە‌بارە‌ت بە‌دابە‌شكردنی مووچە‌، پاش ڕێککەوتن لە‌گە‌ڵ بە‌غدا و بە‌رچاوڕوونی زیاتر لە‌بارە‌ی دۆخی داریی ھە‌رێم، بڕیاردرا مووچە بە پێی ئە‌و داھاتە‌ی كە‌ لە‌بە‌ر دە‌ستە‌، لە زووترین کاتدا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت.

 

ئاماژە بەوەشكراوە: " بۆ لەمەودواش، پێویستە بە میکانیزمی خۆگونجاندن لە‌گە‌ڵ داھاتی مانگانە و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مووچە لە کاتی گونجاودا دابەش بکرێت بە پشت بە‌ستن بە‌داھاتە‌كانی ھە‌رێم كە‌ داھاتی نە‌وتی و نا‌ نە‌وتی و ئە‌و بڕە‌ پارە‌یە‌ی كە‌ لە‌ بە‌غداوە‌ دێت بۆ ھە‌رێم، ھەموو مانگێک ڕێژەی مووچە بە پێی داھات دەبێت."

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی وەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها گفتوگۆ دەربارەی دۆخی تەندروستی و  ڕێکار و هەنگاوەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کرا کە بەداخەوە ئێستا هەرێمی کوردستان، لە دۆخێکی مەترسیداردایە و ڕێژەی تووشبوون و گیان لە دەستدان لە بەرزبوونەوەدایە،  بۆیە پێویستە هاووڵاتییان، پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان بن .

 

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕاشیگەیاندووە: "لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکاری پێویستی گرتەبەر و توانی تا ئاستێکی باش، دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات کە بووە جێی دەستخۆشی و ستایشی خەڵک لە ناوخۆ و دەرەوە، بەڵام بەداخەوە پابەندنەبوون بە ڕێکار و ڕێنماییەکان، بووە هۆی ئەوەی دۆخی تەندروستی بگاتە ئەم ئاستە مەترسیدارەی ئەمڕۆ،  بۆیە له كاتێکدا دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی ، داوا لە هاووڵاتییانیش دەکەین لە پێناو پاراستنی خۆیان و کەسوکاریان، پابەندبن و خۆیان بپارێزن."