گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کاردانەوەیەکى زۆرى دروستکرد و زانکۆى سلێمانى ناچار بە ڕونکردنەوە کرد

سلێمانى؛ هاوسەر و زاوای مامۆستایەک دەکرێنە لیژنەی هەڵسەنگاندنی تێزی دکتۆرایەک

2020.08.17 - 15:18
App store icon Play store icon Play store icon
سلێمانى؛ هاوسەر و زاوای مامۆستایەک دەکرێنە لیژنەی هەڵسەنگاندنی تێزی دکتۆرایەک

ناس کورد- 

سەرۆكی بەشی مێژووی زانكۆی سلێمانی ڕایگەیاند، فەرمانێكی كارگێڕییان لەبارەی تێزی دكتۆرای خوێندكارێكیانەوە لەسۆشیاڵ میدیا شێوێنراوە و فەرمانەكە بۆ هەڵسەنگاندن نیە، بەڵكو بۆ سیمنیاری ئامادەكردنی خۆێندكارەكەیە بۆ ڕۆژی گفتوگۆی تێزەكەی.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

ئەمڕۆ بەبەربڵاوی لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا نوسراوێك بڵاوكرایەوە، باس لەوە كرابوو، هاوسەر و هاوڕێ و خزمێكی نزیكی مامۆستایەك لەبەشی مێژووی زانكۆی سلێمانی كراونەتە سەرۆك و ئەندامانی  لیژنەی هەڵسەنگاندنی تێزی دكتۆرای مامۆستاکە.



د. پشكۆ حەمە تاهیر ئاغجەلەری، سەرۆكی بەشی مێژوو لەزانكۆی سلێمانی بەناس كوردی ڕاگەیاند: " ئەو فەرمانە كارگێڕییە كە لەبەشەكەمان دەرچووە و چەند پسپۆڕێك ناویان هاتووە لەبارەی تێزی دكتۆرای خوێندكارێكمانەوە، ئەوە بۆ لیژنەی هەڵسەنگاندنی نامەكە و پێدانی پلەی زانستی و هەڵسەنگاندنی كۆتا قۆناغی تێزەکە نیە". 

 

وتیشی، ئەو فەرمانە بۆ ئەنجامدانی سیمینارێكە پێش ناردنی تێزەكە بۆ موقەیمی زانستی تایبەت بە ئامادەكاری سەرەتایی بەمەبەستی گفتوگۆكردنی تێزەی دكتۆراكە لەقۆناغەكانی داهاتووتردا.



ڕونیشیکردەوە، سیمینارەكە تەنها بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی كەسێتی ئامادەكاری تێزەکەیە، تیایدا چەند خاڵێك تاوتوێ دەكرێت، یەكێك لەوانە ئاستی زمان و پێشكەشكردنە بۆ نمونە ئایا ئەو کەسە دەتوانێت لەڕۆژی گفتوگۆی تیزەكەیدا ئامادەی تەواوی هەبێت، واتا قۆناغی ئامادەكردنیەتی نەك پلەدان بەتێزەكە.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، قۆناغی ناردنی تێزی دكتۆرا بۆ گفتوگۆ سەرەتا دەچێت بۆ موقەیمی زانستی و دواتر لیژنەیەكی لەسەر دروست دەكرێت، ئەو لیژنەیەش كە بۆهەڵسەنگاندن و پلەی زانستیدان بەتێزەكە دروست دەبێت، پێویستە لە شەش ئەندام كە موقەیمی دكتۆرا بن كەمتر نەبێت، نەك لە سێ كەس وەكو بڵاوكراوەتەوە گوایە بۆ هەڵسەنگاندنە.

 

سەرۆكی بەشی مێژووی زانكۆی سلێمانی ئەوەشی رونکردەوە: "یەكەمجار دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا ئەو بابەتەی لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە وروژاند و لەئێستاشدا لەگەڵ ئەو خوێندكارەدا لەسەر خەتە و باسی لەوە كردووە كە هەڵە تێگەیەنراوە."



لەوەڵامی ئەو پرسیارەشدا، هیچ ستاندارد و یاسایەك هەیە ڕێگری لەوە بكات، پسپۆڕێك نەبێتە ئەندام و یان سەرۆك لەلیژنەی هەڵسەنگاندن و پلەدانی زانستی بەتێزەكاندا کە کەسی نزیکی یەکتر بن، د. پشكۆ جەختى کردەوە، هیچ یاساو ڕێنمایەكیان لەسەر ئەوەش لەبەردەستدا نیە ئەو كارە ڕەتبكاتەوە و هاوسەری ئەو ئافرەتەش كە تێزەكەی ئامادە كردووە یەكێكە لەپڕۆفیسۆرەكانی بەشەكەیان و ڕۆڵی ئەكادیمی خۆی هەیە و ئەو لیژنەیەش كە ئەو سەرۆكێتی تەنها سیمینارە و بۆ گفتوگۆ نیە.

 

لای خۆشیەوە، مامۆستایەكی بەشی مێژوو لەزانكۆی سلێمانی كە نەیویست ناوەكەی بڵاوبكرێتەوە لەسەر ئەو فەرمانە كارگێڕییەی بەشەكەیان بەناس كوردی ڕاگەیاند، هیچ ڕێگرییەكی یاسایی نیە بۆ ئەو كارە و بەیاسایی كراوە، بەڵام واباشتر بوو كەخۆیان یان سەرۆكایەتی بەش یەكێكی دیكەیان لەبری هاوسەری ئەو مامۆستایە دابنایە.

 

جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە، ئەوەش هەڵسەنگاندن نیە و سیمنیارە و شتێكی ڕۆتینە و هیچ كاریگەرییەكی لەسەر هەڵسەنگاندن نابێت كە دواتر لیژنەی گفتوگۆ ئەنجامی دەدەن.