گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وتەكانی بایدن لەدژی ئەردۆگان حكومەتی توركیا توڕە دەکات 

2020.08.17 - 09:53
وتەكانی بایدن لەدژی ئەردۆگان حكومەتی توركیا توڕە دەکات 

ناس کورد- 

ئەنكەرە لەسەر گرتە ڤیدیۆیەكەی كاندیدی دیموكراتەكان بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا كە تیایدا ڕەخنەی توند لەتوركیا دەگرێت و هەڕەشەی لەسەر كار لابردنی ئەردۆگان دەكات هاتە دەنگ و بەرپرسانی باڵای توركیا بایدن بەوە تۆمەتبار دەكەن دەستی هەبووە لەكودەتاكەی تەمموزی ساڵی 2016 کە شكستی هێناوە و ئێستا میكانیزمی دژایەتی خۆی دەگۆڕێت.

 

لەمیانەى بڵاوکردنەوەى تویتێکدا لە هەژمارى خۆى لە تویتەردا، ئیبراهیم كاڵن وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا ڕایگەیاند، شرۆڤەكەی جۆ بایدن بۆ توركیا پشتی بەنەزانیی و لوتبەرزی و دووڕوویی بەستووە .

 

وتیشى "ئەو زەمەنە تێپەڕی كە توركیا فەرمانی لەدەرەوە بەسەردا بكرێت، گەر لەو باوەڕەدایت كە دەتوانیت ئەوە بكەیت، فەرموو تاقی بكەرەوە، باجەكەشی دەدەیت".

 

جۆ بایدن كاندیدی دیموكراتەكان بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا لەوتەكانیدا كە ڕۆژی (شەممە)ی ڕابردوو بڵاوكرایەوە، هێرشێكی توندی كردە سەر توركیا و ئەردۆگانی بەستەمكار ناوبرد و ئیدانەی سیاسەتەكانی بەرامبەر كورد كرد و داوای پاڵپشتیكردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی لەدژی سەرۆكی توركیا كرد.



هەر لەسەر وتەكانی بایدن، مەولود چاوش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند، هەڵوێستەكەی بایدن هەروەكو تێوەگلانی واشنتۆنە لەهەوڵی كودەتاكەی تەمموزی ساڵی 2016 لەدژی ئەردۆگان، ئەوكاتەی كە بایدن جێگری سەرۆك بوو.

 

وتوشیەتی "كاتێك كە ئەو دووجار جەخت لەسەر وشەی (كودەتا) دەكاتەوە، ئەوا من تێدەگەم هەر ئەمەیە :" ئێمە لەڕابردوودا كودەتامان تاقی كردووەتەوە، لەبەر ئەوەی شكستی  هێناوە هەر بۆیە میكانیزمەكەی خۆمان دەگۆڕین".

 

بایدن بەپێویستیشی زانی، نەیارەكانی ئەردۆگان هەوڵی كەوتنی بدەن، نەك لەرێگەی كودەتاوە بەڵكو لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە.

 

هاوكات وتەكانی بایدن ئۆپۆزسیۆنەكانی ئەردۆگانیشی توڕە كردووە، كە بەردەوام بەوە تۆمەتبار دەكرێن بۆ بەرژوەندی دەرەوە كار دەكەن.

 

لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەك لەبەرپرسانی جەهەپەی ئۆپۆزسیۆن داوایان كرد، ڕێز لەسەروەرییەكانی توركیا بگیرێت.



ڕەخنەكانی بایدن لەئەگەری دۆڕانی دۆناڵد تڕەمپی ڕکابەریدا لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا كە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، ئەگەری ئەوە هەیە  ببێتە هۆی ئاڵۆزی پەیوەندییەكانی نێوان ئەنكەرەو واشنتۆن.