ناس کورد-
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆببێتەوە و بەوتەی سەرچاوەیەکیش، تاوتوێی میکانیزم و چۆنێتی دابەشکردنی موچە و پرسی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا، دەکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ (دووشەممە، 17ی ئابی 2020)، سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ تاووتوێکردنی میکانیزم و چۆنێتی دابەشکردنی موچە لەدوای گەیشتنی پارەکەی بەغدا و هەروەها ئەنجامی پرۆسەی گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی و ڕێککەوتنی نێوانیان کۆببێتەوە".
دوێنێ (یەکشەممە)، سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند "ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە بە پێشخستنی کۆبوونەوەی چوارشەممەى داهاتووی بۆ ئەوەى زووتر تاوتوێی میکانیزمەکانی دابەشکردنی موچە بکات".
ئاماژەی بەوەشکرد "پێویستە وەزیری دارایی ڕاپۆرتی خۆی ئامادە بکات کە چەندە پارە لە خەزێنەی حکومەت هەیە بۆئەوەى بزانین دەتوانین موچە وەک خۆی دابەش بکەین یاخود پێویستی بە لێبڕین هەیە".
ئێوارەی ڕۆژی (شەممە، 15ی ئابی 2020)، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ لەسەر چەند ھەنگاوێکی سەرەکی بەرەو چارەسەركردنى کێشەکان ڕێککەوتن و بڕیاردرا بە پێی دۆخی دارایی ئێستای عێراق، لە نزیکترین کاتدا گوژمەی 320 ملیار دینار وەک بەشە موچەیەک لە بەغداوە بۆ ھەرێم بنێردرێت.