گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتى دەرەوەى عێراق: بەهەمان شێوە وەڵامى توركيا دەدەينەوە و ڤيزامان وەستاند

2020.08.16 - 20:10
وەزارەتى دەرەوەى عێراق: بەهەمان شێوە وەڵامى توركيا دەدەينەوە و ڤيزامان وەستاند

ناس کورد- 

وەزارەتى دەرەوەى عێراق ئاشكراى كرد، بەهەمان شێوە مامەڵەى لەگەڵ توركيا كردووە بەهۆى پێشێلكردنى سەروەرى عێراق، ئەويش لەرێگەى ڕاگرتنى پێدانى ڤيزا لە فڕۆكەخانە و خاڵە سنوريەكانى عێراق لەگەڵ توركيا.

 

ئەحمەد سەحاف، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى عێراق ڕايگەياند، دوو جار وەزارەتەكە باڵيۆزى توركياى لە بەغدا بانگهێشت كردوە و ياداشتى ناڕەزايى بە زمانى توند داوەتێ، ئەوەش بەهۆى هێرشەكانى ئەو وڵاتە و پێشێلكردنى سەروەرى خاكى عێراق.

 

ڕونيشيكردوەتەوە، هەروەها داوا لە حكومەتى توركيا كراوە كە ئەنجامدەرانى تاوانە دوژمنكاريەكان ئاشكرا بكات و لێپێچينەوەيان لەگەڵ بكات.

 

بەوتەى سەحاف، سەرەڕاى ئەوەش فوئاد حسێن وەزيرى دەرەوە پەيوەندى تەلەفۆنى لەگەڵ هاوتاكانى لە وڵاتانى عەرەبى و بيانى هەبووە، سەرجەم دەوڵەتانى عەرەبى و ئەوروپى پشتگيرى خۆيان بۆ هەڵوێستى عێراق و بەرگريكردن لە يەكگرتوويى و سەروەرى خاكەكە ڕاگەياندووە.

 

وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى عێراق باسى لەوەشكردوە، وەزارەتەكە ڕايگەياندوە كە بە هەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ توركيا دەكات ئەويش لەڕێگەى ڕاگرتنى ياداشتى لێكتێگەيشتن كە لەساڵى 2009 لەنێوان هەردولا واژۆ كراوە كە باس لە ئاسانكارى لە پێدانى ڤيزا بۆ هاتنە ناوەوەى عێراق دەكات لە خاڵە سنوريەكان و فڕۆكەخانەكانەوە.

 

ڕونيشيكردوەتەوە، سەرەڕاى ئەوەش سەردانى سەرجەم بەرپرسانى توركيا بۆ عێراق هەڵدەوەشنێنرێتەوە لە پێشينەى ئەوەش سەردانەكەى وەزيرى بەرگرى ئەو وڵاتە بوو.

 

ئەحمەد سەحاف جەختیشى كردوەتەوە، عێراق پشت بە ياسا نێودەوڵەتيەكان دەبەستێت بۆ پاراستنى مافەكانى، وتارى سياسى و دبلۆماسى دوو ڕێگەن بۆ كەمكردنەوەى گرژيەكان و كۆتايى هاتن بە دنيابينيەكى هاوبەش كە بەهۆيەوە هەردوو وڵات بگەنە چارەسەرى هاوبەش.