گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

رێککەوتنەکەى ئێستا تاکەى بەردەوام دەبێت؟

خاليد شوانى باسى قۆناغێکی نوێی دانوستان لەگەڵ بەغدا دەکات

2020.08.16 - 17:33
App store icon Play store icon Play store icon
خاليد شوانى باسى قۆناغێکی نوێی دانوستان لەگەڵ بەغدا دەکات

ناس کورد-

وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى دانوستان لەگەڵ بەغدا ڕایگەیاند، رێککەوتنى هەرێم و بەغدا تا پەسەندکردنى یاساى بودجەى ساڵى داهاتوو بەردەوام دەبێت و قۆناغێکی نوێی دانوستان لەسەر بودجەی 2021 دەستپێدەکەنەوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شەوى ڕابردوو مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق و مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم لەپەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا رەزامەندیان لەسەر رێککەوتنى هەردوو حکومەتەکە نیشاندا، دواى چەند رۆژێک لە تۆمەتبارکردنى یەکترى لەبارەى نەگەیشتن بە ئەنجامى گفتوگۆکانیان.

 

خالید شوانى وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى دانوستان لەگەڵ بەغدا لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک نوسیویەتى "دوای زنجیرەیەک سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی  بۆ بەغدا بەمەبەستی دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم و موچەی فەرمانبەران، دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبونەوە، 12 جار گۆڕینەوەی پێشنیار و تێبینی دوێنێ سەرۆکوەزیرانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی گەیشتە دوا قۆناغ و رێککەوتنەکە راگەیاندرا".

 

بەپێی رێککەوتنەکە حکومەتى عێراق بەپێی بارودۆخى دارایی لەماوەیەکى نزیکدا 320 ملیار دینار رەوانەى هەرێم دەکات بۆ موچەى فەرمانبەران، هەرێمیش رازى بووە بەوەى فەرمانبەرانى چاودێرى دارایی عێراق رەوانەى دەروازە سنورییەکان بکرێن.

 

بەوتەى خالید شوانى "پڕۆسەی دانوستانەکە  هەڵکشان و داکشانی زۆری بەخۆ بینی، دانوستانێکی قورس و ئاڵۆز بوو لەیەککاتدا هەوڵەکانمان هەم بۆ دابینکردنی مافە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم و هەم بۆ پاراستنی مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان بوو".

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، رێککەوتنەکە تا پەسەنکردنی یاسای بودجەی ساڵى داهاتوو بەردەوام دەبێت و قۆناغێکی نوێی دانوستان لەسەر بودجەی 2021دەستپێدەکەنەوە.

 

خالید شوانى ئەوەشى خستووەتەڕوو "رێککەوتنەکە کۆمەڵێ مەلەفی تری وەک بابەتی چاودێری  و وردبینی و میکانیزمی چارەسەرکردنی کۆمەڵێک مەلەفاتی تری دارایی و ئابوری لەخۆدەگرێت، هەروەها میکانیزمی مامەڵەکردنی لەگەڵ داهاتی خاڵە سنورییەکانی لەخۆ گرتووە کە بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵی ژمارە شەشى ساڵی 2019 دەبێت".