گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چۆن پڕۆژەیاسای ڕێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی هەڵدەوەشێنرێتەوە؟

2020.08.16 - 15:48
چۆن پڕۆژەیاسای ڕێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی هەڵدەوەشێنرێتەوە؟

ناس کورد-

ئەندامێكی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەڕێگای كشانەوەی واژۆ پڕۆژەیاساكان كە پێشكەشی پەرلەمان دەكرێن هەڵدەوەشێنرێتەوە، ئەندامێكی خولی پێشوویش دەڵێت، ڕێگا ئاسانەكە داواكارییەكە لە سەرۆكایەتی پەرلەمان.

ڕوپاك ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بەناس كوردی ڕاگەیاند، پێشنیازەیاسا دەبێت بە واژۆی 10 پەرلەمانتار پێشكەش بكرێت ئینجا دەبێتە پڕۆژەیاسا و پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی دەكرێت، گەر لەو ژمارە پەرلەمانتارە كەمتر بوو ئەوا نابێتە پڕۆژەیاسا و شكستدەهێنێت، ئەوەش ڕێگەی یەكەم بۆ هەڵوەشاندنەوە یاخود شكستهێنانی هەر پڕۆژە یاسایەك.

 

زیاتر بخوێنەوە: ڕۆشنبیری پەرلەمان بەرگری لە پێشنیازەیاسای ڕێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی دەکات



وتیشی، ڕێگایەكی دیكە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەیاساكان ئەگەر خوێندنەوەی یەكەمیشی بۆ كرا بێت هاوشێوەی یاسایی میدیای ئەلیكترۆنی ئەوا ئەندامان كە دەتوانن واژۆكانیان بكشێننەوە تا دەگاتە كەمتر لە 10  واژۆ، ئەوكات پڕۆژەیاساكە هەڵدەوەشێیتەوە.

 

ڕوپاك ئەحمەد ئەوەشی ئاشكرا كرد، ژمارەیەك لە پەرلەمانتار بە واژۆی ساختە ناویان لەڕێزی ئەوانەدا هاتووە كە گوایە واژۆیان لەسەر پڕۆژەكە كردووە بۆ نمونە خۆی یەكێكە لەوانە كە واژۆکەى ساختە کراوە و بۆ ئەو مەبەستەش سكاڵا لای سەرۆكایەتی پەرلەمان تۆمار دەكات.



هاوكات سالار مەحمود، ئەندامی پیشووی پەرلەمانی كوردستان بەناس كوردی ڕاگەیاند، باشتر و ئاسانترین ڕێگە بۆ كشانەوەی پڕۆژەیاساکە ئەوەیە فراكسیۆنەكان لەبری ئەوەی واژۆکانیان بكشێینەوە خۆیان بكەنە خاوەنی پڕۆژەیاساكە و داوا لە سەرۆكی پەرلەمان بكرێت كۆی پڕۆژەیاساكە بكشێنێتەوە.

 

ئەوەشی ڕوونكردەوە کە ئەو ڕێگایە خێراترو گونجاوترە لەوەی هەر فراکسیۆنێک یا پەرلەمانتارێک واژۆی خۆی بسڕێتەوە یا بکشێنێتەوە، لەبەر ئەوەی بە واژۆی  53 پەرلەمانتار پرۆژەکە پێشکەش کراوە و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ بە  10 واژۆ دەتوانرێ پرۆژەیاسا و پرۆژەبڕیار پێشکەش بکرێت.



دوای خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسایی تایبەت بەمیدیای ئەلیكترۆنی كە لەلایەن دوو ڕاوێژكاری پەرلەمانەوە ئامادە كراوە، ناوەڕۆكی یاساكە كاردانەوەی ژمارەیەك لە ڕۆژنامەنوسان و چالاكان و چینەكانی دیكەی كۆمەڵگەی لێكەوتەوە و چەند پەرلەمانتارێك و فراكسیۆنی گۆڕانیش واژووەكانیان لەسەر پڕۆژە یاساكە كشاندەوە.