گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

خۆتان بۆ شەپۆلێکی گەرما ئامادە بکەن

2020.08.16 - 11:12
خۆتان بۆ شەپۆلێکی گەرما ئامادە بکەن

ناس کورد-

کەشناسێکی عێراقی پێشبینی دەکات بەهۆی کاریگەری نزیکبوونەوەی بەرزە پاڵەپەستۆیەک شەپۆلێکی گەرما بۆماوەی چەند ڕۆژێک ڕوو لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق بکات.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ی ئابی 2020، واسق سەلامی، شارەزای عێراقی لە بواری کەشناسی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوکردەوە، "بەهۆی نزیکبوونەوەی بەرزە پاڵەپەستۆیەک لە ئاسمانەکانی عێراق، پێشبینی دەکەین کەشی ناوچە جیاجیاکانی عێراق لە ماوەی ڕۆژانی ئایندەدا خۆرەتاو و ساماڵ بێت، هەروەها پلەکانی گەرماش زیاتر بەرزببنەوە کە ئەوەش وادەکات بۆماوەی چەند ڕۆژێک وڵات دوچاری شەپۆلێکی دیکەی گەرما ببێتەوە".

 

ئەو کەشناسە عێراقییە ئاماژە بەوەشکردووە، "ئاڕاستەی با لە ڕۆژانی داهاتوودا بەڕووی باکوری خۆرئاوا دەبێت و خێرایەکەشی مامناوەند دەبێت لە نێوان (10-20) کیلۆمەتر لە کاتژمێریکدا، بەڵام هەندێ جار ئەگەری هەیە خێرایی با لەچەند ناوچەیەک بگات بە (40) کیلۆمەتر لە کاتژمێریکدا.

 

سەبارەت بە پلەکانی گەرمای ئەمڕۆ لە ناوچە جیاجیاکانی عێراقدا، سەلامی بەم شێوەیە لای خوارەوە  ئاماژەی پێکردووە، "پارێزگانی زیقار، نەجەف، سەماوە، واسیت وبابل 44 پلەی سەدی - بەغدا، کەربەلا و دیوانییە 43 پلەی سەدی - میسان و دیالە 45 پلەی سەدی - سەلاح دین وئەنبار  41 پلەی سەدی - پارێزگای بەسرە 46 پلەی سەدی".

 

هەروەها بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و باکوری عێراق سەلامی بەم شێوەیە پێشبینی بۆکردووە، "دهۆک 32 پلەی سەدی - سلێمانی37 پلەی سەدی - هەولێر 38 پلەی سەدی - کەرکوک 40 پلەی سەدی - موسڵ 39 پلەی سەدی".

 

کەشناسە عێراقیییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "پلەکانی گەرما لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان 25 پلەی سەدی تۆمار دەکات ولەشەویشدا زیاتر دادەبەزێت."