گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داوایەکیش لە پەکەکە دەکات

بارزانی بۆچوونی خۆی لەسەر مستەفا کازمی دەربڕی

2020.08.16 - 10:23
بارزانی بۆچوونی خۆی لەسەر مستەفا کازمی دەربڕی

ناس کورد-

مەسعود بارزانی، سەرۆکى پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی 74مین ساڵیادی دامەزراندنی حزبەکەیەوە دەڵێت، مستەفا كازمیی سەرۆكوەزیرانی ئێستای عێراق تێگەییشتنی بۆ دۆزی گەلی كوردستان هەیە و داواش لە هێزە سیاسییەكانی كورد لە پارچەكانی تر دەکات كە "ڕەچاوی دۆخی هەرێمی كوردستان بكەن و نەبنە هۆی ئەوەی زیان لە هەرێمەکە بدرێت".

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ی ئابی 2020، مەسعود بارزانی دەڵێت، "ئەمساڵ یادی شازدەی ئاب لە كاتێكدا دەكەینەوە كە گەلەكەمان لە بەردەم تەحەددیات و كۆسپی گەورە دایە. ئێستا كوردستان لەگەڵ گرفتی ئابووری و تەندروستی و پیلانی جۆراوجۆری ناحەزاندا دەستوپەنجە نەرم دەكات. هەر ئەوەیشە وا دەكات ئەركی پارتی و سەركردایەتی و كەوادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی لە هەموو كاتێك قورستر بێت."

 

دەشڵێت، "لەپێناو تێپەڕاندنی ئەو دۆخە دژوارەدا پێویستە كاربەردەست و كەوادیری پارتی لە ناو جەماوەر و لە ئاستی چاوەڕوانیی جەماوەردا بن و ببنە هۆكاری چارەسەركردنی گرفت و كێشەكانی خەڵك. پێویست دەكات هەموو پارتییەك ئەوە لە یاد نەكات كە بەرپرسیارێتیی سەرەكیی پاراستن و پێشخستنی هەرێمی كوردستان لەسەر شانی ئەوە و دەبێ لەپێناو كوردستانێكی بەهێزدا خۆی لە هەموو كەسێك زیاتر ماندوو بكات."

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، "لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدایش، پارتی بە درێژایی تەمەنی خەباتی سیاسیی خۆی، خوازیاری دانوساندن و چارەسەركردنی كێشەكان بە شێوەیەكی ئاشتیانە و لێكتێگەییشتن بووە. لە ئێستایشدا جەخت لە پەیڕەوكردنی هەمان نەهج دەكەینەوە و هاوكات هەموو هەوڵ و تێكۆشانی پارتی بۆ ئەوە دەبێت كە لەگەڵ تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرانی تری كوردستان مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان بچەسپێنێت و دژی هەموو بیرۆكە و عەقلییەتێك دەوەستێتەوە كە بیەوێ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان و شەراكەتی گەلی كورد لەناو دەوڵەتی عێراق پشتگوێ بخات. یانیش بیەوێ كیانی هەرێمی كوردستان كە بەرهەمی سەدساڵ خوێنی سەدانهەزار شەهید و فرمێسكی سەدانهەزار دایكە شەهیدە، لە مانا بەتاڵ بكاتەوە. باشیش دەزانین ئەوەی ئێستا هەیە بە هیچ شێوەیەك لە ئاست قوربانیدانی بێهەژمار و، خەون و ئاواتی سەربەخۆیی گەلەكەماندا نییە."

 

جەختیکردووەتەوە کە "بۆچوونی ئێمە لەگەڵ بەڕێز مستەفا كازمیی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق كە تێگەییشتنی بۆ دۆزی گەلی كوردستان هەیە، ئەو دەرفەتە هەیە كە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بكرێت و هەردوولا بگەینە ئەنجامی باش. ئەو دەستوورەی كە ئەگەر وەك خۆی جێبەجێ كرا با ئێستا زۆرێك لەو گرفتانە نەدەبوون كە لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەیە."

 

لە کۆتاییدا دەڵێت، "لێرەدا بە پێویستی دەزانم داوایش لە هێزە سیاسییەكانی كورد لە پارچەكانی تر بكەم كە ڕەچاوی دۆخی هەرێمی كوردستان بكەن و نەبنە هۆی ئەوەی زیان لە هەرێمی كوردستان بدرێت. چونكە چیتر خەڵكی هەرێمی كوردستان ناتوانن تەحەمولی زیان و بوردومان و كێشەی تر بكەن. هەرێمی كوردستان خۆی گرفت و كێشەی تری هەیە و بەرگەی زیان و ئازاری زیاتر ناگرێت. بۆیە داوا لە وڵاتانی دراوسێ و هێزە كوردییەكان دەكەین ڕێز لە سەروەریی هەرێمی كوردستان و عێراق بگرن و هەرێمی كوردستان نەكەنە گۆڕەپانی ململانێێی خۆیان."