گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستیی عێراق هەڕەشەی سەپاندنەوەى قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی دەکات

2020.08.16 - 09:33
تەندروستیی عێراق هەڕەشەی سەپاندنەوەى قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی دەکات

ناس کورد-

وەزیری تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، گاڵتەکردن بە نەخۆشی کۆرۆنا و پابەندنەبوون  بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسەکە، ڕێژەی توشبووانی بەو پەتایەی لە وڵات هەڵکشاندووە، هۆشداریش دەدات "ئەگەر دۆخەکە بەو جۆرە بەردەوام بێت ناچاردەبن جارێکی دیکە قەدەغەی هاتوچۆی تەواەتی گشتی بسەپێننەوە".

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ی ئابی 2020، حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستیی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا نیگەرانی خۆی لە بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق نیشاندا و وتی: "هاوڵاتیان گوێ نادەن بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەوەش وایکردووە دۆخەکە لە ئێستادا زۆر مەترسیداربێت".

 

وتیشی: "لە ڕۆژانی جەژنی قۆرباندا هاوڵاتیان گوێیان نەدا بە مەترسی نەخۆشییەکە  و پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی نەبوون و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانیان پەراوێز نەخست، ئەوەش وایکرد هاوشان لەگەڵ کردنەوەی بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا ڕێژەی توشبوون لە  نەخۆشییەکە بۆ ئاستێکی ترسناک بەرزبکاتەوە".

 

ئاماژە بەوەشکرد: "تائێستا خەڵکانێک هەن گاڵتە بە نەخۆشییەکە دەکەن و هاوڵاتیان لە خودپارێزی ساردەکەنەوە و هانیان دەدەن چەند ڕێکارێکی تر بگرنە بەر بۆ تووشنەبوون بە پەتاکە، ئەوەش یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبوون بە نەخۆشییەکەیە".

 

وەزیری تەندروستیی عێراق جەختیلەوەشکردەوە، "ئاستی توشبوون بە پەتاکە لە عێراق  ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوامبێت ئەوا ئەوان ناچاردەبن جارێکی دیکە قەدەغەی گشتی لە وڵاتدا بسەپێننەوە".

 

تەمیمی هەڕەشەی کرد و وتی: "وەزارەت بەپێی یاسای تەندروستی گشتیی عێراق بۆ لەمەودا سزای ئەو کەسانە دەدات کە پابەندی ڕێنماییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا نابن".

 

لە ئێستادا ژمارەی توشبووان بە پەتای کۆرۆنا لە عێراق 173 هەزار توشبووی تێپەڕاندووە و نزیکەی شەش هەزار کەسیش بە ڤایرۆسەکە مردون.