گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زۆرینەی پزیشکانی رووسیا ئامادەنین ڤاکسینە رووسییەکە بەکاربهێنن و گومانیان لێی هەیە

2020.08.15 - 20:11
زۆرینەی پزیشکانی رووسیا ئامادەنین ڤاکسینە رووسییەکە بەکاربهێنن و گومانیان لێی هەیە

ناس کورد-

ڕاپرسییەک لە ڕوسیا کە لەڕێگەی تۆڕی ئینتەرنێتەوە ئەنجامدراوە، دریخستووە زیاتر لە نیوەی پزیشکانی ئەو وڵاتە گۆمانیان لەو ڤاکسینە هەیە کە لەلایەن وڵاتەکەیانەوە دژ بەڤایرۆسی کۆرۆنا دروستکراوە.

 

بەگوێرەی ڕاپرسییەکە کە زیاتر لە سێ هەزار پزیشک لە ڕوسیا بەشداریان تێیدا کردووە، دەرکەوتووە لە 52%ی ئەو پزیشکانەی کە بەشداریان لە ڕاپرسییەکە کردووە ڕەتیدەکەنەوە بەهیچ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئەو ڤاکسینەدا بکەن و لەخۆیانی بدەن. 

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە 66%ی پزیشکەکان پێیانوایە زانیارییەکان دەربارەی ڤاکسینەکە  وردنین و لەهەمانکاتیشدا دڵنیانین لەوەی ڤاکسینەکە تاچەند کارایە. 

 

ڕاپرسییەکە ئەوەشی دەرخستووە، 20%ی پزیشکانی بەشداربوو لەڕاپرسییەکە ئامۆژگاری هاوڕێکانیان کردووە ڤاکسینەکە لەخۆیان بدەن و بەکاربهێنن، بەڵام 48%ی پزیشکەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، ڤاکسینە زۆر بەخێرای بەرهەمهێنراوە ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە بۆسەرسەلامەتی بەکارهێنانی لەلایەن مرۆڤەکانەوە. 

 

لای خۆشییەوە ئۆڵێگ ساڵاگای، جێگری وەزیری تەندرەستیی ڕوسیا کۆمێنتی لەسەر ئەنجامی ڕاپرسییەکە نوسیووە وتویەتی: "ئەنجامەکان یەکسانن، ڕێژەی لایەنگرانی ڤاکسینەکە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات زیاد دەکات".

 

دوێنێ (هەینی، 14ی ئابی 2020)، میخائیل مۆراشکۆ، وەزیری تەندروستیی ڕوسیا ڕایگەیاند: "توێژینەوەکانی تایبەت بە چۆنێتی دروستکردنی ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا (سپۆتنیک V  لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆجیهان بڵاودەکەینەوە".  

 

وتیشی: "ئەو گومانانەی کە لەسەر دڵنیایی و جۆری ڤاکسینەکە دروست بووە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بڵاونەکردنەوەی میکانزم و ڕێکاری بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکە و تاقیکردنەوە تەختییەکانی تایبەت بەقۆناغەکانی دروستکردنی ئەو ڤاکسینە".    

 

ڕوژی سێشەممەی ڕابردوو (11ی ئابی 2020)، ڤلادمێر پۆتین، سەرۆکی ڕوسیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی توانیویەتی یەکەم  ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا بەرهەمبهێنن وناویان ناوە "سپۆتنیک  v ". 

 

پۆتین ئەوەشی ئاشکراکرد یەکێک لەکچەکانی ڤاکسینە نوێیەکەی لەخۆی داوە و وتی: "کچەکەم لە  تاقیکردنەوە تەختییەکانی ڤاکسینەکەدا بەشداربووە و دوای ئەوەی ڤاکسینەکەى تاقیکردوەتەوە هەندێک پلەی گەرمی لەشی بەرزبووەتەوە، بەڵام لە ئێستادا باشە".

 

جەختیلەوەشکردبووەوە: "ڤاکسینەکە زۆر کارایە و توانای ئەوەی هەیە بەرگرییەکی بەردەوام دژ بەڤایرۆسی کۆرۆنا لە جەستەی مرۆڤدا دروست بکات".

 

دوای ڕاگەیاندنی هەواڵی ڤاکسینە ڕوسییەکە، ئەمریکا و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هاتنە دەنگ و ڕایانگەیاند، ڕوسیا هیچ وردەکارییەکی دەربارەی پێوەرەکانی سەلامەتی و چونێتی ئەنجامدانی ڕێکارەکانی تاقیکردنەوە تەختییەکانی دەربارەی ڤاکسینەکە ئاشکرا نەکردووە و ڕوسیا ژیانی هاووڵاتیانی خۆی خستووەتە مەترسیەوە.

 

ڤاکسینە ڕوسییەکە لە لایەن ناوەندی پزیشکی (گامالیا)ى ڕوسییەوە بە هاوکاری وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە بەرهەمهێنراوە، بڕیاریشە  تا سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی2021 ڕوسیا دەیان ملیۆن دانە لەو ڤاکسینە دروست بکات و زیاتر لە 20 وڵاتیش لەجیهاندا داوای ڤاکسینەکەیان کردووە.