گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شاسوار عەبدولواحید بۆ یەکگرتوو و کۆمەڵ و بزوتنەوە و شیوعی: فەرموون پێشمانکەون بۆ خۆپیشاندان

2020.08.15 - 18:17
شاسوار عەبدولواحید بۆ یەکگرتوو و کۆمەڵ و بزوتنەوە و شیوعی: فەرموون پێشمانکەون بۆ خۆپیشاندان

ناس کورد-

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پەیامێکی ئاڕاستەی هەریەک لە یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، حزبی شیوعی و بزووتنەوەی ئیسلامی کرد و داوایان لێدەکات، پێکەوە کۆببنەوە بۆ دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان و دەڵێت: "ئێوە پێشمان بکەون و ئێمە لەگەڵتان دەبین."

 

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پەیامێکی ئاڕاستەی هەریەک لە یەکگرتوی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، حیزبی شیوعی، بزوتنەوەی ئیسلامی و هەموو لایەنی سیاسییەکان و  رێکخراو و دەستە و گرووپ و کەسە ناڕازییەکان کردووە.

 

لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگیاندووە: "داوا لەهەموو ئەو بەڕێزانە دەکەین لەپێناو بەژەوەندیی گشتیی و داواکردنی مافی هاووڵاتییان با بفەرموون دووسبەی دووشەممە 17ی ئابی 2020، کاتژمێر 11:00ی پێش نیوەڕۆ کۆبوونەوەیەکی گشتیی هەموو ئەم هێز و لایەن و کەسایەتییانە ئەنجامبدەین، بەمەبەستی دیاریکردنی رۆژی ئەنجامدانی خۆپیشاندانە گەورە و سەرتاسەرییەکەی چەند رۆژی داهاتوو."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: "داواکارین هەرکام لەو بەڕێزانەی لەسەرەوە ناویان هاتووە و پێیانوابوو جاری پێشوو ئێمە تاکلایەنانە دەستپێشخەریمان کردووە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان، ئەوە با ئەمجارە ئەو بەڕێزانە بفەرموون و ئەوان چی پێویستە بیکەن، ئێمەش لەگەڵیاندا دەبین و هەرچی هاوکارییەک پێویست بێت دەیخەینە خزمەتیان. تا سبەی رۆژ کە کاتی خۆپیشاندانی سەرتاسەریی دیاریکرا، هیچ بەڕێزێک گلەیی نەکات و بڵێت ئێمە ئاگەدار نەبووین."

 

شاسوار عەبدولواحید لە پەیامەکەیدا جەختیکردووەتەوە: "بەتایبەت داوا لە بەڕێزان، یەکگرتووی ئیسلامیی و کۆمەڵی ئیسلامیی و حیزبی شیوعیی و بزوتنەوەی ئیسلامی دەکەین ئەوان با بفەرموون پێشڕەویی ئەم خۆپیشاندانە بکەن و ئێمەش ھەنگاو بە ھەنگاو لەگەڵیان دەبین، چونکە پێمانوایە ئەم دۆخە قورسەی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانی تێدایە پێویستی بەکاری پێکەوەیی و تەبایی هەموو لایەنەکان و خەڵکە نارازییەکان هەیە."

 

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەوەشی خستووەتەڕوو: "ئێستا کاتی ئەوەیە هەموومان بەرژەوەندیی حیزبیی وەلاوەنێین و دەست بخەینە دەستی یەک لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی و دەربازکردنی هەرێمەکەمان لەم دۆخە قورسەی کە هاوڵاتییانی تیدایە."