گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زیاتر لە نیوەی توشبووان لە یەک مانگدا تۆمار کراون

هەرێم لە مەترسیدارترین دۆخی کۆرۆنادایە و هۆشداری لە ’’ڕوودانی کارەسات’’ دەدرێت

2020.08.15 - 18:12
هەرێم لە مەترسیدارترین دۆخی کۆرۆنادایە و هۆشداری لە ’’ڕوودانی کارەسات’’ دەدرێت

ناس کورد-

ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەی ڕۆژانەی توشبووانی کۆرۆنا لەهەرێم زیاد دەکات و وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت، هەرێمی کوردستان لە مەترسیدارترین دۆخی کۆرۆنادایە، ڕێژەی مردن گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و ئەگەر هاوڵاتیان خودپارێزی نەکەن، کارەسات دەقەومێت.

 

ئەگەر لەماوەی ڕابردوودا، رۆژانە زیاتر لە 100 توشبووی کۆرۆنا لە هەرێم تۆمارکرابن، ئەوا ئێستا زیاتر لە 500 توشبوو تۆماردەکرێن و کۆی گشتیی توشبووان لە ئێستادا 20 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، گیانیانلەدەستدانیش بە ڤایرۆسەکە زیاترە لە 700 کەس.

 

محەمەد قادر خۆشناو، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لەئێستادا دۆخی هەرێمی کوردستان لە مەترسیداترین ئاستدایە لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە و و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە زۆر خێرایە و لەبەرزترین ئاستدایە، بەهەمانشێوە ڕێژەی مردنیش گەیشتووەتە بەرزترین ئاست."

 

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی ناس کورد زیاتر لە نیوەی توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێم لە یەک مانگی ڕابردوودا تۆمارکراون، بەوپێیەی 15ی تەموزی 2020، کۆی گشتیی توشبووان 10 هەزار و 114 توشبوو بووە، بەڵام ئەمڕۆ 15ی ئاب،  ژمارەی توشبووان گەیشتووەتە 20660 توشبوو، هاوکات نزیکەی نیوەی ژمارەی گیانیانلەدەستدانیش هەر لەمانگی ڕابردوو تۆمارکراون.

 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: "لەئێستادا ژمارەی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنامان زیاد کردووە و نزیکەی 40 شوێنی تایبەت بە توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێم هەن و پلانمان هەیە زیادیان بکەین، هەروەها نەخۆشخانە تایبەتەکانیش چارەسەری ئەو توشبووانە دەکەن کە خۆیان دەچن."

 

ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەگەر هاووڵاتیان پابەندی ڕێنماییە خۆپارێزییەکان بن و خودپارێزی جێبەجێبکەن، ئەوا لەماوەی مانگێک یاخود کەمتر، ژمارەکان دێنەوە خوارەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر خۆپارێزی و پابەندبوون نەبێت، ئەوا ئەگەری ڕوودانی کارەسات  و دۆخی زۆر خراپتر هەیە."

 

وتەبێژی وەزارەتی تەندرستیی هەرێم هۆشداری ئەوەیدا، نەخۆشخانەکان جێگای نەخۆشیان تێدا نابێتەوە و کارمەندانی تەندروستیی شەکەت دەبن و زۆرینەیان توشی ڤایرۆسەکە دەبن و هەروەها پێداویستییە پزیشکییەکان کەمدەبنەوە، بۆیە : "تکا لە هاووڵاتیان دەکەین کە خودپارێزی جیبەجێبکەن بۆ پاراستنی خۆیان و ئازیزانیان."

 

لەماوەی ڕابردوودا دەرمانی Favipiravir وەک چارەسەرێکی کۆرۆنا لەلایەن کۆمپانیایەکی هەرێمەوە بەرهەمهێنرایەوە و لە بەشێک لەپارێزگاکانی عێراق و هەولێریش بۆ توشبووانی کۆرۆنا بەکارهێنرا، تەندروستیی هەولێر نزیکەی 1000 پاکەت لە دەرمانەکەی کڕی، بەڵام تاوەکو ئێستا پشکی هەرێم لەو بڕەی بەغدا نەگەیشتووەتە هەرێم.

 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی باسی لەوەکرد: "هەندێک گرفتی ئیداری دروست بوو لەو پرسەدا، بۆیە تاوەکو ئێستا پشکی هەرێم لە دەرمانەکە نەگەیشتووەتە هەرێم."

 

وتیشی، دەرمانەکە لە پرۆتۆکۆڵی چارەسەری توشبوواندا تۆمارکراوە و ئەو بەشەشی کە لە هەولێر بەکارهێندرا سودی زۆری لێبینرا، بەڵام پێویستیان بەبڕێکی زیاترە و بەو بڕە کاریگەرییەکەی بەتەواوی دەرناکەوێت.

 

جەختیشیکردەوە، کاردەکەن لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق بۆ ئەوەی پشکی خۆیان لە دەرمانەکە بۆ دابینبکرێت و بتوانن بۆ توشبووانی کۆرۆنای لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق بەکاربهێنن.