گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەرکراوانى حەشد هەڕەشەى هەڵکوتانە سەر ناوچەى سەوز دەکەن

لەیەک ڕۆژدا بەغدا 10 خۆپیشاندان و گردبونەوەی جیاجیاى بەخۆوە بینى

2020.08.15 - 16:28
لەیەک ڕۆژدا بەغدا 10 خۆپیشاندان و گردبونەوەی جیاجیاى بەخۆوە بینى

ناس کورد-

ئەمڕۆ 10 خۆپیشاندان و گردبونەوە لەلایەن چینە جیاجیاكانی بەغداوە بەرێوەچوون، ژمارەیەك لەو کەسانەى لە ڕیزەکانى حەشدى شەعبى دەرکراون هەڕەشەی هەڵکوتانە سەر ناوچەی سەوز دەكەن ئەگەر داواكارییەكەیان پشتگوێ بخرێت.

 

لە 25 مانگی تشرینی دووەمەوە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكان لە مەیدانی تەحریری بەغدا بەردەوامە و چەندین داوكاری بۆ بە سزاگەیاندنی گەندەڵكاران و چاكسازی ڕیشەی بەرزكراونەتەوە.

 

پەیامنێری ناس كورد لە بەغدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ژمارەیەك سەرباز كە گرێبەستەكەیان هەڵوەشاوەتەوە لەنزیك پردی سنك گردبونەوە و داوایان كرد وەزارەتی بەرگری بیانگەڕێنێتەوە بۆ سەر خزمەتەكانیان، لەنزیك كەرخیش لەخاڵی یەكتربڕی دیمەشق، دەیان دامەزراوی نوێی دیكە گردبوونەوە و داوایان كرد فەرمانی دەستبەكاربونیان بۆ دەربكرێت.

 

وتیشى، هەر لە نزیك خاڵی یەكتربڕی دیمەشق دەیان خۆپیشاندەری دیكە كە هەڵگری بڕوانامەی باڵان كۆبونەوەوە داوای دامەزراندنیان دەكرد.

 

لەناوچەی بێجیەش لەسەرەتای مانگی ئابەوە خۆپیشاندەران بەردەوامن و ژمارەیەك لەفەرمانبەرانی كارەبا لەنزیك فەرمانگەی كارەبا گردبونەوە و داوای خەرجكردنی موچەكانیان و جێگیركردنیان لەسەر میلاكی ئەو وەزارەتە دەكەن.

   

پەیامنێری ناس کورد دەڵێت، دەیان دەرچووی دیكەی زانستە سیاسیەكان لەبەردەم وەزارەتی دەرەوە لەناوچەی عەلاویدا گردبونەتەوە و داوای دامەزراندن دەكەن.

  

لەبەرامبەر وەزارەتی نەوتیشدا، دەیان دەرچووی پەیمانگای نەوت گردبونەتەوە و داوای ڕەخساندنی هەلی كار و دامەزراندن دەكەن و ژمارەیەكیش لەفەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستی لەناوچەی بابی موعەزەم گردبونەتەوە و داوای جێگیركردنی گرێبەستەكانیان وەكو میلاك لەسەر ئەو وەزارەتە دەكەن.

 

لەبەردەم دەروازی فەرمانگەی كۆمەڵە حكومییەكانی ناوچەی عەلاویشدا، ژمارەیەك سەربازی دەركراوی حەشدی شەعبی كۆبونەتەوە و داوای گەڕانەوە دەكەن بۆ سەر كارەكانیان.

 

یەكێك لە ڕێكخەرانی خۆپیشاندانی دەركراوانی حەشدی شەعبی بۆ ناس كورد وتی "لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكدا كۆبوینەتەوە لەوانە ئەحمەد ئەسەدی لەهاوپەیمانی فەتح و ئەبوتراب كەسایەتی دیار بۆ ئەوەی دەستوەردان لەچارەسەر كردنی كێشەكەماندا بكەن".

 

وتیشی، ئامادەكاری بۆ خۆپیشاندانی گەورەتر دەكەن لەڕۆژی 23ی ئەم مانگە و ئامادەشن هەڵبكوتنە سەر ناوچەی سەوز ئەگەر داواکارییەکانیان پشتگوێبخرێن.