گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەهۆی گومان لەسەر ڤاکسینە ڕووسییەکە زانایەكی دیاری ئەو وڵاتە دەستیلەکارکێشایەوە

2020.08.14 - 23:06
بەهۆی گومان لەسەر ڤاکسینە ڕووسییەکە زانایەكی دیاری ئەو وڵاتە دەستیلەکارکێشایەوە

ناس کورد- 

پزیشكێكی دیاری ڕووسیی شارەزا لەبواری هەناسەدان دوای ئەوەی ڕەخنەی لە ڤاكسینەكەی وڵاتەکەی گرت و ڕایگەیاند، لایەنی ئاكاری پزیشكی تێدا ڕەچاو نەكراوە و پەلەی تێدا كراوە، دەستی لەكارەكانی لەئەنجومەنێكی باڵای سەر بەوەزارەتی تەندروستی ڕووسیا كێشایەوە.

 

ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویكردەوە، پرۆفیسۆر ئەلیكسندەر تشۆچالین دوای ئەوەی هێرشێكی توندی كردە سەر ڤاكسینی دژە كۆرۆنای ڕووسیی (سپۆتینگ ڤی) و داهێنەرانی،  دەستی لەكاركردنیش لەئەنجومەنی پیشەی ئاكاری وەزارەتی تەندروستیی ڕووسی كێشایەوە.

 

ڕۆژنامەكە باسی لەوەشكردووە، ڤلادیمێر پۆتن بڕیاریداوە لەسەر چارەسەرەكە پێش ئەوەی ڕەزامەندی ئەو دەستەیە بەدەستبهێنرێت كە ئەو پرۆفیسۆرە كاری تێدا كردووە.

 

دوای گومانە زۆرەكانی شارەزایانی خۆرئاوایی لەسەر ڤاكسینەكە، ڕەنگە پزیشكە دیارە ڕووسیەكەش هەوڵی ڕێگریكردن لەتۆماركردنی ئەو ڤاكسینە بدات بەهۆكاری پەیوەست بەسەلامەتیەوە.

 

هاوكات تشۆچالین، ڕەخنەی لە دوو پزیشكی دیاری گرتووە کە بەشداریان لەپێشخستنی ڤاكسینەكە كردووە و بەوە تۆمەتبارکردوون كە  لەپێناو پەلە كردن لەبەرهەمهێنانی ڤاكسینەكەدا ئاكاری پزیشكیان خستووەتە لاوە.

 

ئەو پزیشکە باسی لەوەشکردووە، لەو دوو پزیشكە كەیەكێكیان بەڕێوەبەری سەنتەری تویژینەوەی گەمالایە و ئەوی دیكەشیان گەورە زانای ڤایرۆسناسە لەسوپای ڕووسیادا پرسیووە: " ئایا ئێوە سەرجەم كاروبارە پێویستەكان كە لایەنە یاسایی و زانستیە كردارەكیەكانی ڕووسیا و نێودەوڵەتی سەپێنراوە لەسەر ئەو كارە گرتووەتەبەر..؟ وەڵامەكەیان نەخێر بووە".

 

پزیشكە ڕووسیەكە پێشیوایە، ئەو كارە بەپێی خواستی پێویست نەكراوە و بەوەش یەكێك لەبنەما ئاكارییە پزیشكیەكانی لەدەستداوە، واتا دڵنیابوون لەبێ خەوشی ڤاكسینەكە لەهەر زیانێك كە بەجێبهێڵێت.

 

دەشڵێت: " هەست بەنیگەرانی لەسەر هەڵوێستی هەندێك لەزاناكانمان دەكەم  كە لێدوانی نابەرپرسانە لەسەر ئەو ڤاكسینە ئامادە كراوە دەدەن".

 

پێشتریش  تشۆچالین هۆشداری ئەوەی دابوو، لەكاتی بڕیاردان لەهەر ڤاكسینێك دەبێت ئەوان وەكو شارەزایانی ئاكاری پزیشكی ئەوە دیاریبكەن كە ئەو ڤاكسینە تاچەندە سەلامەتە بۆ مرۆڤ، چونکە سەلامەتی لەو كارەدا بەپلەی یەكەم دێت.

 

ئەو پزیشكە دیارە ڕووسییە ئەوەشی خستەڕوو، چەند دەرمانێك لەم ڕۆژانەدا بەرهەمهێنراون كە پێشتر لەسەر مرۆڤ تاقی نەكراونەتەوە و ناتوانن پێشبینی ئەوە بكەن كە جەستەی مرۆڤ چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەكات.

 

دوێنیش ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، بەدواداچوون بۆ ئەو ئەزمونە كلینیكە دەكەن بۆ ڤاكسینەكە كە ڕووسیا پێشیخستووە.