ناس کورد-
كادیرێكی دیاری پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، یاداشتی دەستگیركردنی فوئاد حسێن، وەزیری پێشووی دارایی عێراق لەلایەن دەستەی دەستپاكی عێراقەوە بۆ ئامانجێكی سیاسییە و ئەو دەستەیەش خۆی پێویستی بەدەستپاكییە.
ڕێبین سەلام، كادیری پارتی دیموكراتی كوردستان بەماڵپەڕی (بغداد الیوم )ی ڕاگەیاندووە، یاداشتی دەستەی دەستپاکیی عێراق بۆ دەستگیركردنی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی ئێستا و وەزیری پێشووی دارایی عێراق بۆ بەئامانجێكی سیاسییە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، پارتی دیموكراتی كوردستان لاری نیە لەجێبەجێكردنی یاساكانی عێراق، بەڵام بەمەرجێك بەسەر هەموواندا بچەسپێنێت و حزب و لایەنێكی دیاریكراو بەمەبەستی سیاسی دەستوەردانی تێدا نەكەن.
باسی لەوەشكردووە، ئەو پرسەی كە لەدژی فوئاد حوسێن وروژێنراوە بەهیچ شێوەیەك یاسایی نیە، كاتەكەشی نیشانەی ئەوەیە ئامانجی سیاسیی لەپشتەوەیە و ئەوەش دەزانن دەستەی دەستپاكی پێویستی بەدەستپاكییە، چونكە حزب و لایەنە سیاسیەكان قۆرخیانكردووە.
پێشتر ئینعام خەزاعی، ئەندامی لیژنەی جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت و پلانە ستراتیژیەكان لەپەرلەمان ئاشكرایكرد، لەسەر سكاڵای چەند پەرلەمانتارێك دەستەی دەستپاكی یاداشتێكی بەتۆمەتی بەهەدەردانی سەروەت و سامانی گشتی داوای دادگایی كردنی بەپێی مادەی 340 دەكات.