گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لێدوانى ئێران لەبارەى دەستبەسەرداگرتنى بارهەڵگرە نەوتییەکانى وڵاتەکەى لەلایەن ئەمریکاوە

2020.08.14 - 14:13
لێدوانى ئێران لەبارەى دەستبەسەرداگرتنى بارهەڵگرە نەوتییەکانى وڵاتەکەى لەلایەن ئەمریکاوە

ناس کورد-

باڵیۆزى وڵاتى ئێران لە فەنزوێلا، رەتیکردەوە لەلایەن ئەمریکاوە چوار بارهەڵگرى نەوتى وڵاتەکەى دەستى بەسەرداگیرابێت و ئەو هەواڵانەى وەک شەڕى دەروونى دژى وڵاتەکەى ناوبرد.

 

حجەت سوڵتانى، باڵیۆزى ئێران لە فەنزوێلا لە میانەى بڵاوکردنەوەى تویتێک لە هەژمارى خۆى لە تویبتەر ئاماژەى بەوە کرد " هەواڵى دەستبەسەرداگرتنى چوار بارهەڵگرى نەوتى ئێرانى لەلایەن ئەمریکاوە درۆیە و جەنگێکى دەرونییە کە دەزگاکانى راگەیاندنى ئیمپریالییەتى ئەمریکا دژ بە وڵاتى ئێران پەیڕەوى دەکەن".

 

وتیشى "ئەو کەشتیە بارهەڵگرە نەوتانەى کە دەستى بەسەرداگیراوە نە کەشتى ئێرانین، نە خاوەنەکەى ئێرانییە و نە هیچ پەیوەندییەکى بە ئێرانەوە هەیە".

 

سوڵتانى جەختى کردەوە "ترەمپ ناتوانێت بەو پڕوپاگەندە درۆییانە قەرەبووى ئەو سوکایەتى و شکستە بکاتەوە کە لەلایەن میللەتى ئێرانەوە روبەڕوى بۆتەوە".

 

لێدوانەکە لە کاتێکدایە کە ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە "ئێران هەوڵیداوە ئەو سزایانەی سەپێندراوە بەسەریدا بشکێنێت و نەوت ڕەوانەی دەرەوە بکات". 

 

ئاماژە بەوەش کراوە "هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا دەستیان بەسەر چوار کەشتی گرتووە بەناوەکانى (لۆنا، باندی، بێرینگ و بیلا)، لەناو دەریادا بەبێ بەکارهێنانی چەک، کە ئێران بە نیاز بوو ئەو نەوتە بۆ فەنزوێلا بنێرێت، بەڵام هێزی دەریایی ئەمریکا دەستی بەسەردا گرتوون و بەرەو کەناراوەکانی وڵاتەکەی ڕاپێچی کردوون". 

 

ڕۆژنامە ئەمریکییەکە باسی لەوە کردووە "ژمارەیەک داواکاریی ئەمریکا مانگی ڕابردوو فەرمانی دەستبەسەراگرتنی ئەو چوار کەشتییەیان دەرکردووە کە بارەکانیان پێکهاتبوو لە گوژمەیەک سوتەمەنی کە ئێران بەنیاز بوو ڕەوانەی وڵاتی  فەنزوێلای بکات".