ناس کورد-
وەزیری تەندروستیی ڕوسیا ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی ئایندەدا توێژینەوەکان و ڕێکارە تەختییەکانی دروستکردنی ڤاکسینە ڕوسییەکە بۆجیهان ئاشکرادەکەن، ئاماژەى بەوەشکرد، بوونی گومانی وڵاتانی جیهان لەسەر سەلامەتی ڤاکسینەکە دەگەڕێتەوە بۆ بڵاونەکردنەوەی میکانزم و ڕێکاری بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ (هەینی، 14ی ئابی 2020)، میخائیل مۆراشکۆ، وەزیری تەندروستیی ڕوسیا ڕایگەیاند "توێژینەوەکانی تایبەت بە چۆنێتی دروستکردنی ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا (سپۆتنیک v) لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆجیهان بڵاودەکەینەوە".
وتیشی "ئەو گومانانەی کە لەسەر دڵنیایی و جۆری ڤاکسینەکە دروست بووە هۆکاری دەگەڕێتەوە بۆ بڵاونەکردنەوەی میکانزم و ڕێکاری بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکە و تاقیکردنەوە تەختییەکانی تایبەت بەقۆناغەکانی دروستکردنی ئەو ڤاکسینە".
بەوتەی وەزیری تەندروەستی ڕوسیا، ڕۆژی (دووشەممە)ی داهاتوو هەموو وردەکارییەکانی تایبەت بەڤاکسینەکە بۆ جیهان ئاشکرا دەکەن".
مۆراشکۆ ئەوەشی خستەڕوو "جیهان ئەوەی لە بیرچووە کە ئەو ناوەندەی توانیویەتی ڤاکسینەکە بەرهەمبهێنێت پێشتر شەش بەرهەمی گرنگی پزیشکی بە جیهان پێشکەشکردوە، ئەو تەکنەلۆژیایەی کەڤاکسینەکەی پێ دروستکراوە هەمان تەکنەلۆژیایە کە بەرهەمە باوەڕپێکراوەکانی پێشوویان پێ دروستکراوە".
ڕوژی (سێشەممە)ی ڕابردوو (11ی ئابی 2020) ، ڤلادمێر پۆتین، سەرۆکی ڕوسیا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیرەکانی حکومەتەکەی ڕایگەیاند، وڵاتەکەی توانیویەتی یەکەم ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا بەرهەمبهێنن وناویان ناوە "سپۆتنیک v" ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ هێزو و توانای ڕوسیا کە توانیویەتی لە ساڵی 1957 یەکەم مانگی دەستکرد لە جیهاندا بەوناوە ڕەوانەی بۆشاییەکانی ئاسمان بکات".
پۆتین ئەوەشی ئاشکراکرد یەکێک لەکچەکانی ڤاکسینە نوێیکەی لەخۆی داوە و وتی "کچەکەم لە تاقیکردنەوە تەختییەکانی ڤاکسینەکەدا بەشداربووە و دوای ئەوەی ڤاکسینەکەى تاقیکردوەتەوە هەندێک پلەی گەرمی لەشی بەرزبووەتەوە، بەڵام لە ئێستادا باشە".
جەختیلەوەشکردەوتەوە "ڤاکسینەکە زۆر کارایە و توانای ئەوەی هەیە بەرگرییەکی بەردەوام دژ بەڤایرۆسی کۆرۆنا لە جەستەی مرۆڤدا دروست بکات".
دوای ڕاگەیاندنی هەواڵی ڤاکسینە ڕوسییەکە، ئەمریکا و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هاتنە دەنگ و ڕایانگەیاند، ڕوسیا هیچ وردەکارییەکی دەربارەی پێوەرەکانی سەلامەتی و چونێتی ئەنجامدانی ڕێکارەکانی تاقیکردنەوە تەختییەکانی دەربارەی ڤاکسینەکە ئاشکرا نەکردووە و ڕوسیا ژیانی هاووڵاتیانی خۆی خستووەتە مەترسیەوە.
ڤاکسینە ڕوسیەکە لە لایەن ناوەندی پزیشکی (گامالیا)ى ڕوسییەوە بە هاوکاری وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە بەرهەمهێنراوە، بڕیاریشە تا سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی2021 ڕوسیا دەیان ملیۆن دانە لەو ڤاکسینە دروست بکات و زیاتر لە 20 وڵاتیش لەجیهاندا داوای ڤاکسینەکەیان کردووە.