گه‌ڕان

Shadow Shadow
وه‌رزش

نوێترین زانیاری دەرباری دەنگۆی چوونی ڕۆناڵدۆ بۆ بەرشەلۆنە

2020.08.13 - 23:44
نوێترین زانیاری دەرباری دەنگۆی چوونی ڕۆناڵدۆ بۆ بەرشەلۆنە

ناس کورد-

لەدوای ئەوەی دەنگۆی ئەگەری چوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆی پرتوگالی بۆ یانەی بەرشەلۆنە بڵاوبوویەوە، ڕۆژنامەکانی ئیسپانیا لەزاری چەند کەسێکی نزیکی ڕۆناڵدۆوە هەواڵەکە بەدرۆخستەوە و رایگەیاندووە، رۆناڵدۆ لە تۆرینۆ دەمێنێتەوە.

 

ڕۆژی پێنجشەممە 13ی ئابی 2020، جیلیەم بلاگى، شارەزاى تۆپى پێى ئیسپانى لە تۆڕى بى بى سى بەریتانى ئەوەی ئاشکراکرد، یانەی یۆڤانتۆس دەیەوێت لە موچە بەرزەکەی رۆناڵدۆی پرتوگالی رزگاری بێت و بە بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکەی وتووە، یانەیەکی گونجاوی بۆ بدۆزیتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشكردبوو، بەڕێوەبەری کارەکانی رۆناڵدۆ، ئەستێرە پرتوگالییەکەی بۆ یانەکانی ڕیاڵ مەدرید و بەڕشەلۆنە و پاریس سانجێرمان پێشنیازکردووە کە گرێبەستی لەگەڵ واژوو بکەن.

 

لە بەرامبەردا و لەدوای ئەو هەواڵە، رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی لەزاری چەند کەسێکی نزیکی ڕۆناڵدۆوە بڵاویکردووەتەوە: "دەنگۆی چوونی ڕۆناڵدۆ بۆ بەرشەلۆنە یان هەر یانەیەکی دیکە ساختەیە و دوورە لە ڕاستییەوە."

 

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ڕۆناڵدۆ لە یانەی یۆڤانتۆس خۆشحاڵە و دەیەوێت تا کۆتایی ژیانی وەرزشیی لە تۆرینۆ بمێنێتەوە.

 

ئەستێرە پرتوگالییەکە کە لەساڵی 2018 لەیانەی ڕیاڵ مەدریدەوە پەیوەندیکرد بە یانەی خانمەپیرەکەوە، دوو وەرزی لەگەڵ یانەکەی بەسەربردووە و ساڵی 2022 گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە کۆتایی دێت.