گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرۆككۆمار داوادەکات كێشەكانى نێوان بەغدا و هەولێر دوور لە گەندەڵى و ياريكردن چارەسەر بكرێن

2020.08.13 - 20:18
سەرۆككۆمار داوادەکات كێشەكانى نێوان بەغدا و هەولێر دوور لە گەندەڵى و ياريكردن چارەسەر بكرێن

ناس کورد- 

بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆمارى عێراق سەرسوڕمانى خۆى لە دەركەوتنى گرژی لە ڕاگەیەندراوێکی دوێنێ حكومەتى هەرێمى كوردستان و وەزارەتى دارايى عێراق دەردەبڕێت و پشتگيرى خۆشى بۆ چارەسەركردنى دادپەروەرانە لەنێوان هەردوولادا و گەيشتنە ڕێککەوتن لەسەر شايستە داراييەكانى هاوڵاتيانى هەرێم و ڕێگەنەدان بە گەندەڵى و دەستکاریی نابەجێ پيشاندا.

 

نوسينگەى ڕاگەياندنى بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆمارى عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاويكردوەتەوە، سەرۆكوەزيران بەدواداچوونى بۆ كاردانەوەى  فەرمى هەرێمى كوردستان و وەزارەتى دارايى حكومەتى فيدراڵ كردوە، دەربارەى ئەنجامى گفتوگۆ بەردەوامەكانى نێوان هەردوولا كە ماوەى دوو مانگە بەردەوامن بۆ يەكلاكردنەوەى كێشە داراييەكان بە شێوەیەک كە رێگە بدات گوژمە داراییەکان لە بوودجەی تەرخانکراو بۆ هەرێمى كوردستان بنێردرێت.

 

ڕونيشكراوەتەوە، بەرهەم ساڵح پاڵپشتيكەر بووە و بەدواداچونى بەردەوامى كردووە بۆ وردەكاريیەكانى گفتوگۆكانى نێوان هەردوولا بۆ گەيشتنە يەكلاكردنەوەى ياسايى دادپەروەرانە بۆ ئەو بابەتە، زۆرێك لە بەربەستەكان لابراون لە چەند ڕۆژى كۆتاييدا و ئەوەش لەرێگەى گفتوگۆوە.

 

بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆككۆمار سەرسوڕمانى خۆى پيشانداوە لە دەركەوتنى گرژی لە ڕاگەیەندراوە ڕۆژنامەوانيیەكان، بە جۆرێک كە ڕاستى گفتوگۆكان پيشان نادات کە هيوای ئەوەیان لێدەکرا، پێش كۆتايى ئەم هەفتەيە بەرێكکەوتنێک كۆتايىان بێت كە چارەسەرەرى دادپەروەرانەو ياسايى تێدابێت و مافى گەلى عێڕاق و، لەنێويشياندا مافى هاووڵاتيان و فەرمانبەران و خانەنشينانى هەرێمى كوردستان، بپارێزێت.

 

تەئكيديش كراوەتەوە، سەرۆككۆمار لەسەرەتاوە پشتگيرى خۆى بۆ گەيشتن بە ڕێكکەوتنێک كە گرەنتى ناردنى بودجە بۆ هەرێمى كوردستان بكات كە مافى هاووڵاتيانە دەبڕيوە، بە جەختکردنەوە لەسەر پشتبەستن بە مەبدەئى شەفافيەت و ڕاستگۆيى و گرتنەخۆى چوارچێوە ياسايى و ئاشتيانەكان كە هيچ دەرفەتێك بۆ گەندەڵى و ياريكردن نەهێڵێتەوە.

 

سەرۆككۆمار هێماى بۆ ئەوەشكردوە، مسۆگەركردنى موچەى هاووڵاتيانى عێراقى لەنێويشياندا هاووڵاتيانى هەرێمى كوردستان مافێكى دەستورييە و لەسەر دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکن پێويستە كە ئەو مافە دابين بكەن و نەيبەستنەوە بە سياسەت و بەرژەوەنيە تايبەت و ناشەرعى و نا ياساييەكان.

 

تەئكيديش كراوەتەوە، كاريگەرى ناكۆكيە بەردەوامەكان دەربارەى بابەتە داراييەكانى هەرێمى كوردستان ە نێوانی بەغدا و هەولێردا، لەسەر شايستە ياساييەكانى هاوڵاتيانى هەرێمى كوردستان قابیلی قەبوڵ نییە و، پێويستە مەينەتيە مەترسيدارەكانى دووچاری هاووڵاتيانى هەرێمى كوردستان لەئەنجامى ئەم قەيرانەى ئێستادا هاتتوون، لەبەرچاو بگيرێن. هەروا داواش دەكات بەپەلە بگەڕێنەوە سەر مێزى گفتوگۆكان، بەرژەوەندى هاووڵاتيانيش پێش بەرژەوەندى تايبەتى و سياسى بخرێت.

 

ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆمار بەوە كۆتايى هاتووە کە پێويستە دەستبكرێت بە زنجيرەيەك پەيوەندى بۆ گەمارۆدانى ئەم قەيرانەى ئێستا و گەڕانەوەى بارودۆخەكە بۆ سەر رێى ياسايى خۆى و پاراستنى بەرژەوەندى گشتى.

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەموو داواکارییەکی بەغدایان جێبەجێکردووە، بەڵام بەغدا ئامادە نییە شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت، لەبەرامبەردا وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی حکومەتی هەرێمی دایەوە و ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم ئامادەنییە خاڵە سنورییەکان بخاتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقەوە و داهاتەکەی ئاشکرابکات.