گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەمریکا هەڵوێستى خۆى لەبارەى هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا لە ناوچەکانی هەرێم دەربڕى 

2020.08.12 - 23:14
ئەمریکا هەڵوێستى خۆى لەبارەى هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا لە ناوچەکانی هەرێم دەربڕى 

ناس کورد-

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئاگاداری تەواوی وردەکاری هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نییە و لە ئێستادا لە هەوڵی ئەوەدان زانیاری تەواو لەسەر ئەو پرسە لە هەردوو لایەنی عێراقی و تورکی وەربگرن.

 

 بەگوێرەی کەناڵی "حوڕە"ی ئەمریکی، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا پێی ڕاگەیاندون، "وڵاتەکەی ئاگاداری تەواوی وردەکاری هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نییە ولە ئێستادا لە هەوڵی ئەوەدان زانیاری تەواو لەسەر ئەو پرسە لە هەردوو لایەنی عێراقی و تورکی دەست بکەوێت".

 

بەرپرسە ئەمریکییەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، "ئەمریکا سەرخۆشی خۆی ئاڕاستەی  خانەوادەی هەموو ئەو هاووڵاتییە عێراقییە بێ تاوانانە دەکات کە لەئاکامی هێرشە ئاسمانییەکە دوێنێ (سێشەممە) لەناوچەکانی سەر بە شارۆچەکەی سیدەکان گیانیانلەدەستدا".

 

 ئاماژە بەوەشکراوە بەرپرسە ئەمریکییەکە، هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە سەپاندنی ئاسایش لەناوچە سنورییەکانی نێوان عێراق و تورکیا و بەگژداچوونەوەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی بەرز نرخاندووە.

 

ئەمڕۆ (چوارشەممە، 12ى ئابی 2020) وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی تورکیای لەوڵاتەکەی بانگێشت کرد و یاداشتێکی ناڕەزایەتی لەبارەی بەزاندنی سنوری خاکەکەی و دواین کردەوەی سەربازی وڵاتەکەی پێشکەشکرد.

 

دوێنێش وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەردانی خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیای بۆ وڵاتەکە هەڵوەشاندوە وەک ناڕەزایەتییەک لەبەرامبەر بۆمبارانکردنی پێگەیەکی هێزەکانی پاراستنی سنور کە بەهۆیەوە چەند فەرماندەیەکی سەربازی شەهید بوون.

 

دوێنێ (سێشەممە) لە ناوچەی بێرمێ دینداران لە ناحیەی سیدەكان، لەلایەن فرۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیاوە ئۆتۆمبێلێكی هێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراق كرایە ئامانج، بەهۆی ئەو بۆردومانەوە، عەمید زوبێر حالی، فەرماندەی هێزی سێی پاسەوانی سنور و محەمەد ڕەشید، فه‌رمانده‌ی لیوای 2ی پاسەوانی سنور لە دەڤەری سۆران لەو بۆردومانەدا شەهیدبوون.