گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پزیشکە پیرەکەى کۆشکی سپی گومانی لە ’’ڤاکسینە ڕوسییەکە’’ هەیە

2020.08.12 - 09:00
پزیشکە پیرەکەى کۆشکی سپی گومانی لە ’’ڤاکسینە ڕوسییەکە’’ هەیە

ناس كورد-

ئەنتۆنی فاوچی، بەڕێوەبەری پەیمانگای نیشتمانی بۆ هەوکردن و نەخۆشییە گوزراوەکان لە ئەمریکا دەڵێت، گومانی زۆری هەیە کە ڤاکسینەکەى ڕوسیا سەلامەت و کاریگەر بێت، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە مۆسکۆ سەرکەوتوویی ڤاکسینەکەى لەدژی کۆرۆنا ڕاگەیاند.

 

ئەنتۆنی کە هاوکات سەرۆکى تیمی کۆشکی سپییە بۆ بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی، "هیوام وایە کە ڕوسەکان بە جدی سەلامەتی و کاریگەریی ڤاکسینەکەیان دڵنیاکردبێتەوە، بەڵام من زۆر گومانم هەیە وابێت."

 

وتیشی، "دەستکەوتنی ڤاکسین و دڵنیاکردنەوەى ئەوەى سەلامەت و کاریگەرە بۆ بەکارهێنان دوو شتی جیاوازن."

 

وتیشی، "زیاتر لە شەش ڤاکسینمان هەیە، ئەگەر بمانەویت خەڵکی بخەڵەتێنین یان شتێکیان پێ دەدەین کە کار ناکات، دەمانتوانی هەفتەى ڕابردوو ئەوە بکەین، بەڵام ئەوە ڕێگایەکی دروست نییە و کاریگەری نابێت."

 

فاوچی ئاماژەى بەوەشکرد، ئەگەر ئەمریکییەکان گوێبیستی بانگەشەی وڵاتانی وەک ڕوسیا و چین بوون لەبارەى ڤاکسینی کۆرۆنا، ئەوە پێویستە بزانن ئەمریکا ڕێکار و پەیڕەوی خۆی هەیە بۆ سەلماندنی کاریگەریی و سەلامەتی ڤاکسینەکان.

 

زیاتر بخوێنەوە: روسیا ئامادەبوونى ڤاکسینەکەى دژى کۆرۆنا ڕاگەیاند

 

ئەو ڤاکسینەی دوێنێ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکى ڕوسیا ڕایگەیاند تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەى تاقیکردنەوەی لەسەر مرۆڤ ئاشکرا نەکراوە.

 

هاوکات دوێنێ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی ئاشکرایکرد کە "لەگەڵ زانایان و بەرپرسانی ڕوسیا لەسەر خەتە تاوەکو زانیاریی و وردەکاریی ڤاکسینەکە بزانێت،" و دەڵێت، لەئێستادا وڵاتانی جیهان کار لەسەر 28 جۆر لە ڤاکسین دەکەن بۆ کۆرۆنا.