گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڤیدیۆ؛ زەنگی ئاگادارکردنەوە وتەبێژی هاوپەیمانانی لە پەخشی ڕاستەخۆدا فڕاند

2020.08.11 - 23:35
ڤیدیۆ؛ زەنگی ئاگادارکردنەوە وتەبێژی هاوپەیمانانی لە پەخشی ڕاستەخۆدا فڕاند

ناس کورد-

بەهۆی لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوەى باڵێۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا، کۆڵۆنێڵ میڵز کینگز، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پەخشی ڕاستەخۆی بەجێهێشت.  

 

بەپێی گرتە ڤیدیۆییەک کە کەناڵی "التغيير"  بڵاویکردەوە، ئەمشەو سێشەممە، 11ی ئابی 2020، لە کاتی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میڵز کینگز، دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوەى لەناو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دێت و کۆڵۆنێڵ ناچار دەبێت ڕابکات و بەرنامەکە بەجێبهێڵێت.

 

بۆیە پێشکەشکاری بەرنامەکە ناچار دەبێت بچێتە لای میوانەکەى تری کە شارەزایەکی عێراقییە، دواتر میڵز کینگز دێتەوە ناو بەرنامەکە و باس لەوە دەکات کە نازانێت چی بووە بەڵام بەپێی دەستوری سەربازیی خۆیان لەگەڵ بیستنی زەنگی ئاگادارکردنەوە دەبێت خۆیان بشارنەوە.

 

  

ئەمشەو چەند موشەکێک ئاڕاستەى ناوچەى کەڕادە کرا لە ناوەڕاستی بەغدا و یەکێکیان بەر لقی بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان کەوت بەبێ ئەوەى هیچ زیانێکی گیانی هەبێت.

 

شوان محەمەد تەها، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا بە میدیای حزبەکەى وتووە، "ئەمشەو سێ گولـلە هاوەن لە شوێنێکی نادیارەوە ئاڕاستەی ناوچەی کەڕادەی بەغدا کران و یەکێک لە گولـلە هاوەنەکان بەر دیواری دەرەوەی بارەگای لق کەوت".

 

دەشڵێت، هیچ کەسێک لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی ئەو موشەکە زیانی بەرنەکەوتووە و دیوارەکە کۆنکرێت بووە.

 

هاوکات تۆڕی ڕاگەیاندنی جەنگی عێراقی ڕایگەیاند، موشەکێکی کاتیۆشا لە نزیک پردی موعەلەق لە بەغدا کەوتووەتەوە و هیچ زیانێکی بەدواوە نەبووە."
دەشڵێت، "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان موشەکەکە لە سەربازگەی ڕەشیدەوە ئاڕاستە کراون."

 

ئاماژەى بەوەشکرد، هێزە ئەمنییەکان موشەکێکی تریان لە شوێنی هەڵدانی موشەکەکەوە دۆزیوەتەوە."