گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم: پێویستە پەکەکە و تورکیا شەڕەکەیان ببەنە دەرەوەی هەرێم

2020.08.11 - 21:39
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم: پێویستە پەکەکە و تورکیا شەڕەکەیان ببەنە دەرەوەی هەرێم

ناس کورد-

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم لەسەر بۆردومانەکەی ئەمڕۆی تورکیا لەسنوری سیدەکان هاتەدەنگ و ڕایگەیاند،  پێویستە  پەکەکە و توركیا شەڕ و ململانێکانی خۆیان ببەنەوە دەرەوەی خاكی هەرێمی كوردستان وعیراق و چیتر خەڵكی ئێمە نەكەنە قوربانیی ئەو ململانێیە.

 

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "كاتژمێر 2:45 خولەکی پاش نیوەڕۆی ئەمرۆ سێشەممە 11ی ئابی 2020، لە ناوچەی برادۆست كاتێك هێزەكانی پاسەوانی سنووری سەر بە حكومەتی فیدڕاڵی خەریکی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بوون کە لە خاڵە سنووریەکان دروستبووە بە مەبەستی دوورخستنی هەڕەشەی شەڕ لە دانیشتووانی ناوچەكە، لە لایەن فرۆكەیەكی لەشكری توركیاوە ئوتۆمبیلێكی هێزەكەی پاسەوانی سنوور کرایە ئامانج."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "بەداخەوە بەهۆی هێرشەکەوە دوو ئەفسەری هێزەكە شەهید بوون بە ناوەكانی (عمید/ محەمەد ڕەشید سلێمان، فەرماندەی لیوای دووی پاسەوانیی سنوور) و(عقید/ زوبێر حالی تاجەدین ، فەرماندەی فەوجی سێی لیوای دووی پاسەوانیی سنوور)، هەروەها (عقید/ حیسامەدین عەبدولڕەحمان حەسەن ) بریندار بووە."

 

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم جەختیکردووەتەوە: "لێرەدا دوپاتی دەكەینەوە كە پێویستە  پەکەکە و توركیا شەڕ و ململانێکانی خۆیان ببەنەوە دەرەوەی خاكی هەرێمی كوردستان وعیراق و چیتر خەڵكی ئێمە نەكەنە قوربانیی ئەو ململانێیە."

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو: "بەم بۆنە خەمناكەوە ، پرسە وسەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدەكان دەكەین و لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە كە بە بەهشتی خۆی شادیان بكات و ھیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەكان دەخوازین وخەڵكی خۆمان دڵنیا دەكەینەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە هەموو توانا و هەوڵەكانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ دوورخستنەوەی ئەم ململانێیە لە هەرێمی كوردستان."